"تا ئێستا هێرۆ ئیبراهیم پەیوەندی بە نەوشیروان مستەفاوە نەکردووە"

‌وێنەیەکی کۆنی سەردەمی شاخی نەوشیروان و هێرۆ ئیبراهیم
نزیکەی شەش مانگە رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا لەدەرەوەی وڵاتە، بەڵام تا ئێستا هێرۆ ئیبراهیم ئەندامی دەستڕۆشتووی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، پەیوەندی پێوە نەکردووە".

نەوشیروان مستەفا کە بۆ چارەسەری پزیشکی ماوەی شەش مانگە لە دەرەوەی وڵاتە تا ئێستا نە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە، نە لەرووی سیاسیەوە، هێرۆ ئیبراهیم پەیوەندی پێوە نەکردووە.

بەپێی زانیاریەکانی سپی هێرۆ ئیبراهیم کە لەرووی کۆمەڵایەتییەوە زیاتر لەچارەکە سەدەیەک هاوڕێ و هاوسەنگەری نەوشیروان مستەفا بووە، لەماوەی ئەو شەش مانگەدا هیچ جۆرە پەیوەندییەکی تەلەفونی پێوە نەکردووە.

لەرووی سیاسییەشەوە، لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە تا گەشتکردنی نەوشیروان مستەفا بۆ دەرەوەی وڵات، هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد چەندان سەردانی نهێنی بۆ لای نەوشیروان مستەفا کردووە لەسەر کێشەکانی ناو یەکێتی و لێکنزیکبوونەوەی هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان لەسەر پرسی سەرۆکی هەرێم، بەڵام ئەم ماوەیە هیچ جۆرە پەیوەندییەکی سیاسیشی پێوە نەکردووە.

ئەم ساردیەی نێوان ئەو دوو کەسایەتییە سیاسییە، بەپێی زانیارییەکانی سپی رەنگدانەوەی لەسەر پەیوەندیەکانی ئەو باڵەی یەکێتی کە هێرۆ ئیبراهیم سەرکردایەتی دەکات لەگەڵ گۆڕاندا هەیەو رۆژ بەرۆژ ئەو دەنگانە لەناو گۆڕاندا لەبەرزبوونەوەدان کە باڵی هێرۆ ئیبراهیم لەگەڵ پارتیدا رۆشتووەو بەرەو رێککەوتن دەڕوات، بەڵام هۆکاری رانەگەیاندنی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ترسەی لە جەماوەرو بنکەی حیزبی خۆیان هەیانە کە زیاتر دەکەوێتە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و راپەرین و هەڵەبجە کە هەموو جۆرە نزیکبوونەوەیەکی لە پارتی بەلایەوە پەسەند ناکرێت. 



PM:11:03:26/02/2016