مه‌لا به‌ختیار به‌شوێن تاڵه‌بانی و ئیدریس بارزانییه‌کی نوێدا ده‌گه‌ڕێت

مه‌لا به‌ختیار ده‌ڵێت" ساڵی 1986 مام جه‌لال و ئیدریس بارزانی رێککه‌وتن"، ئێستا به‌رپرسی  ده‌سته‌ی کارگێڕی ده‌ڵێت " پێویسته‌ رێک بکه‌وین"، به‌ڵام ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ناکات که‌ کێ ده‌بێت به‌ مام جه‌لال و کێ ده‌بێت به‌ ئیدریس بارزانی.

له‌ نوسێنێکی کورتدا به‌ناونیشانی "ساڵی 1986 مام جه‌لال و ئیدریس بارزانی رێککه‌وتن" مه‌لا به‌ختیار به‌رپرسی ده‌سته‌ی کارگێری مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کێتی ده‌ڵێت" دوای (61) ساڵ، شۆڕشی باشوری كوردستان دوای رێككەوتنی جەزائیر بەرپاكرایەوە. بەڵام شەڕی ناوخۆ دژی یەكێتیی بەرپاكرا. ئەم شەڕە، (10) ساڵی رەبەقی خایاند. سەرەنجام مام جەلال‌و ئیدریس بارزانی، بەناوبژی ئێران لەتاران، (30) ساڵ لەمەوبەر، رێككەوتنیان مۆركرد. ئەم رێككەوتنە كۆتایی شەڕی ناوخۆ هەتا ساڵی (1994) لەنێوان یەكێتیی‌و پارتی هێنا. كە دیسان بەرپاكرایەوەو دوای (4) رێككەوتننامەی واشینتۆن مۆركرا".

ناوبراو له‌و نووسینه‌دا ده‌ڵێت" ئێستاش كێشە سیاسییەكان بەبێ‌شەڕی چەكداری ناوخۆ، قوڵ بونەتەوەو پەرلەمان پەك خراوە، پرسیار ئەوەیە:خۆمان لەناو خۆمان رێكك بكەوتین باشە .. یان هانا بۆ پایتەختێكی تر بەرین، رێكمان بخات؟ئەوانەی لەناو تراژیدیای (40) ساڵی رابردوودا (1976 - 2016) ژیان‌و چۆڕ چۆڕ خوێنی شەهیدانیان لەبەرچاوە، رێككەوتنیان پێباشە".

مه‌لا به‌ختیار هێرش ده‌کاته‌وه‌ سه‌ر ئه‌وانی له‌ تۆڕه‌ کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان رای خۆیان ده‌رده‌بڕن و ده‌ڵێت" ئەوانەی هەوای (فەیسبوك)‌و بیستنی ناوی خۆیان، هەڵی گرتون، بێگومان، نازانن ئەو مێژووە بخوێننەوە. من دڵنیام كە بقەومێ‌.. توندڕەوەكان هەڵدێن. چونكە ساڵی (1977) كە یەكێتیی دەستیكردەوە، توندڕەوەكانی (كۆمەڵە) هەڵهاتن‌و ئێستاش هەندێكیان لەرۆژئاوا، نەگەڕاونەتەوە".



AM:11:41:07/03/2016