"یەكێتی‌و پارتی ئەوەندە پارەیان هەیە، ئەم قەیرانە تێپەڕێنن"

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو دەڵێت: چاكسازی بە یەكێتی و پارتی ناكرێت و ناشیانەوێت بیكەن، ئەوان باوەڕیان بە دیموكراتی نییە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی كوردستان، لە بەرنامەیەكی راستەوخۆی كەناڵی (ئێن ئاڕ تی) ڕایگەیاند: یەكێتی و پارتی ناتوانن و ناشیانەوێت چاكسازی بكەن، چونكە لایان وایە ئەوان كە خەباتیان كردووە، دەبێت تا هەتایە دەسەڵات بە دەستی خۆیانەوە بمێنێتەوە.

ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەوەشی راگەیاند، باوەڕم بەوە نییە قەیرانی دارایی لە هەرێمی كوردستان بوونی هەبێت، یەكێتی و پارتی ئەوەندە پارەیان هەیە بتوانن ئەم قەیرانە تێپەڕێنن، بەڵام نایكەن. ئاماژەی بەوەشكرد، هەر سەركردەكانی خۆیانن باس لە پارەی بردراو ژێر زەمینەكان و ملیارەها دۆلاری ئەم وڵاتە دەكەن.

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتوو، بەرپرسانی حكومەت تۆمەتبار دەكات بەوەی، كاتێك وەزیری كارەبا لە یەكگرتوو بوو، بە هەزاران شێوە كۆسپیان لە بەردەم كارەكەی بۆ دروستكردووە، تا وا پیشانبدەن، وەزیری لایەنەكانی تر لەوانەی ئەوان باشتر نین و كاری باشتریان پێناكرێت.



AM:09:50:11/03/2016