سپی ئەو دوو سەرۆکی فراکسیۆنە ئاشکرا دەکات کە لە کۆبوونەوەی ١٩ی ئاب پەشیمانن

لە دوا کۆبوونەوەی سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان سەرۆکی دوو فراکسیۆنی سەرەکی پەشیمان بوون لە بەشداریکردنیان لە کۆبوونەوەی ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠١٥، سپی ناوی ئەو دوو فراکسیۆنە بڵاودەکاتەوە.


ڕۆژی ٣/٨ سەرۆکی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی کوردستان لە بینای پەرلەمان بە مەبەستی ئەنجامدانی مانگرتن کۆبوونەوە، لەو کۆبوونەوەیەدا سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، بێگەرد تاڵەبانی و سەرۆکی فراکسیۆنی کۆمەڵ مەلا مەروان بەشداریکردنی فراکسیۆنەکانیان لە کۆبوونەوەکەی ١٩ی ئابدا بە کاڵێکی هەڵە ناوزەند کردووە.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی ڕاگەیەند لەو کۆبوونەوەیەدا بێگەرد تاڵەبانی و مەلا مەروان ئاماژەیان بەوە کردووە دەبوایە ئەو کۆبوونەوەیە ئەنجام نەدرایە بەتایبەتی کە لایەنە سیاسییەکان بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا و چەند وڵاتێکی تر ڕێککەوتبوون کە ئەو کۆبوونەوەیە دوابخرێت.


شەوی ١٩ی ئابی ٢٠١٥ پێنج لایەنە سەرەکییەکە بە ئامادەبوونی نوێنەرانی ئەمەریکا و بەڕیتانیا پاش پێنج کاتژمێر لە کۆبوونەوە ڕێککەوتن لەسەر دواخستنی کۆبوونەوەی ئەو ڕۆژەی پەرلەمان بۆ سێ ڕۆژ، بەڵام فراکسیۆنەکانی گۆڕان و یەکێتی و کۆمەڵ و نیوی فراکسیۆنی یەکگرتوو سوربوون لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە، بەڵام نەیانتوانی ڕێژەی یاسایی بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی ئاسایی پێکبهێنن.


ئەو کۆبوونەوەیە کە ڕێژەی یاسای پێدابین نەکرا، تایبەت بە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژ یاسای هەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم.



PM:12:19:20/03/2016