دابەشکردنی مووچە دەستپێدەکاتەوە "بەیانی ئەم شوێنە مووچە وەردەگرێت"

بڕیارە سەرەتای ئەم هەفتەیە دەستبکرێتەوە بۆ دابەشکردنی مووچە مانگی شوباتی مووچە خۆرانی هەرێم، بەرپرسێکی پەروەردەش ئاشکرای دەکات سبەی مووچەی مامۆستایان دەدرێت.
 
"نەوزاد عەبدوڵڵا"، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی ھەولێر، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "گەنجینەی ھەولێر بەڵێنی پێمان داوە، دوای نەورۆز، ڕاستەوخۆ مووچەی مامۆستایانی پەروەردەی ھەولێر و دەوروبەر دابەش بکرێت، بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین، سبەی شەممە، لە لایەن گەنجینەی ھەولێرەوە وەڵاممان بدرێتەوە”. جەختیشی لەوە کردەوە کە لیستی ناوەکان چووەتە گەنجینە و وردبینی بۆ ناوەکان کراوە. 
 
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەروەردەی هەولێر ئەوەشی ڕوون کردەوە کە تەنیا ئەم مانگە، بەھۆی زۆریی پشووەکانی نەورۆزەوە، مووچەی مامۆستایانی پەروەردەی ھەولێر و خەبات دواکەوتووە. گوتیشی: "ئەگەرچی سبەی شەممە دەوامی کارمەندانی وەزارەتی پەروەردە نییە، بەڵام ئامادەین بۆ وەرگرتنی مووچە، بچینە گەنجینەی ھەولێر”.

ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی پارەوە حکومەتی هەرێم یەک مووچەی خەرجکردووە کە چوار مانگ زیاتر دەکات.



PM:08:14:25/03/2016