لە سلێمانی تەقە لەماڵی قائیمقامە ژنەکە کرا

کاتژمێر ٧:٢٠ ئەمشەو تەقە بەسەر ماڵی نوخشە ناسیح قائیمقامی هەڵەبجەدا کراو رمانیەکی دەستیشیان بە ئاراستەی ماڵەکەیاندا هەڵداوەو نەتەقیوەتەوە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی نەقیب سەرکەوت ئەحمەد لە لێدوانێکی تایبەت بۆ سپی رایگەیاند" رووداوەکە کاتژمێر ٧:٢٠ لەگەڕەکی ئیبراهیم ئەحمەد بووەو لەرێگای ئۆتۆمبیلێکەوە تەقە بەسەر ماڵی نوخشە ناسیح قائیمقامی نوێی شاری هەڵەبجەدا کراوە، هاوکات بەئاراستەی ماڵەکەی نارنجۆکێک هەڵدراوە، بەڵام نەتەقیوەتەوە".

سەرکەوت ئەحمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئاسایش و پۆلیس دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووەو ماڵی قائیمقامی هەڵەبجەش کامێرای لەسەرەو ئەگەری دۆزینەوەی بکەرانی ئەو دەستدرێژییە زەحمەت نییە.

نوخشە ناسیح یەکێکە لەکادیرەکانی یەکێتی سەر بەباڵی هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد و پێشتر بەڕێوەبەری ناحیەی بیارە بوو، بەم دواییانە کە پۆستی قائیمقامی هەڵبجەی پێسپێردرا لەلایەن باڵەکەی تری یەکێتیەوە جۆرە ناڕەزایەتییەک هەبوو بەرامبەر پێدانی ئەو پۆستە.   



PM:08:40:30/03/2016