"گۆڕان پرۆژەیەکی لێکنزیکبوونەوە دەدات بە یەکێتی"

بزووتنەوەی گۆڕان پرۆژەیەکی لێکنزیکبوونەوەو هاوپەیمانێتی لەسەر بنەمای پرنسیپەکانی رێککەوتنی دەباشان دەدات بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان. 

بەپێی ئەو زانیاریانەی دەست سپی کەوتووە دوو رۆژ لەمەوبەر بزووتنەوەی گۆڕان لەبەر رۆشنایی پرەنسیپەکانی  رێککەوتنامەی دەباشانی ٢٤-٩-٢٠١٢ و، ئەو کۆبوونەوانەی ئەو دوو لیژنە تایبەتە باڵایەی هەردوولا کە لەساڵی پارو ئەمساڵ چەند کۆبوونەوەیان سازکرد، پرۆژەیەکیان داوە بە مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

خاڵە سەرەکییەکانی ئەو پرۆژەیە وەک لە رێککەوتنی دەباشانیشدا هاتووە " هەموارکردنەوەی دەستورو گۆڕینی سیستەمی سیاسی هەرێمە لە سەرۆکایەتییەوە بۆ پەرلەمانی، هەروەها نزیکبوونەوە و یەکگرتنی فراکسیۆنەکانی هەردوو حیزبە لەسەر ئاستی پەرلەمانی کوردستان و پەرلەمانی عێراق".

سپی زانیوویەتی ئەمڕۆ مەکتەبی سیاسی ئەو پرۆژەیەی گۆڕانی بەسەر ئەندامانی مەکتەبی سیاسی خۆیدا دابەشکردووە.
بەپێی ئەو زانیاریانە زۆربەی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی یەکێتی هەڵوێستیان لەسەر ئەو پرۆژەیەو لەیەکنزیکبوونەوەی حیزبەکەیان و گۆڕان " پۆزەتیڤ " بووە.

ئامانجی ئەو پرۆژەیەش لای گۆڕان و یەکێتی، وەک سپی زانیویەتی گەڕانەوەی بالانسە بۆ پرۆسەی سیاسی و ئیداری لە هەرێمی کوردستاندا کە ئێستا زۆربەی جومگەکانی لەلایەن پارتیەوە بەڕێوەدەبرێن.
  
جگە لەرێککەوتنی دەباشانی نێوان تالەبانی و نەوشیروان، ماوەی ساڵ و نیوێکە دوو لیژنە لە بزووتنەوەی گۆڕان و یەکێتی پێکهاتوون بۆ لێکنزیکبوونەوەو گەلآلەکردنی رێککەوتن و هەتا یەکگرتنەوەش.



PM:09:24:31/03/2016