هه‌رچه‌نده دوێنێ سه‌رکرده‌ی ره‌وتی سه‌در کۆتایی به خۆپیشاندان و مانگرتنه‌کان هێنا له ناوچه‌ی سه‌وز، به‌ڵام ئه‌مڕۆ له‌مه‌یدانی ته‌حریر خۆپیشاندان به‌رده‌وامه.
خۆپیشاندانه‌کان که ماوه‌ی ساڵێکه به‌رده‌وامه‌و هه‌موو هه‌ینیه‌ک له‌لایه‌ن چه‌په‌کان و ئه‌وانه‌ی داوای ده‌وڵه‌تێکی مه‌ده‌نی ده‌که‌ن سازده‌کرێت، دروشمی سه‌ره‌کی ئه‌م ههینه‌یه‌یان " پێکهێنانی حکومه‌تێکی تۆکنۆراتی دوور له دابه‌شکردنی تایفگه‌ری هه‌نگاوێکه به ئاراسته‌ی چاره‌سه‌ر".
هه‌روه‌ها خۆپیشانده‌ران دروشمی " ئازادی ئازادی، ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نی " ده‌ڵێنه‌وه‌و له‌مه‌یدانی ته‌حریر درێژه به خۆپیشاندانه‌کانیان ده‌ده‌ن، هاوشێوه‌ی ئه‌م خۆپیشاندانه‌ش له‌چه‌ندین شاری باشوور هه‌موو هه‌ینییه‌ک خۆپیشاندانی له‌و شێوه‌یه سازده‌کرێت.
وا بڕیاریشه سبه‌ی په‌رله‌مانی عێراق سه‌رله‌نوێ کۆبێته‌وه بۆ ده‌نگدان له‌سه‌ر ئه‌و کابینه‌یه‌ی دوێنێ له‌لایه‌ن عه‌بادیه‌وه خرایه به‌رده‌م په‌رله‌مان، ئه‌مه له‌کاتێکدایه زۆرێک له فراکسیۆنه‌کان ئه‌و ناوانه‌ی له‌لایه‌ن سه‌رۆک وه‌زیرانه‌وه پێشنیار کرا، ره‌تده‌کرێنه‌وه، موقته‌دا سه‌دریش ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه کرد ئه‌گه‌ر له‌حاڵه‌تێکدا ئه‌و کابینه‌یه‌ی عه‌بادی ره‌تکرایه‌وه، ئه‌وا ده‌بێت خۆشی ده‌ستبه‌رداری پۆستی سه‌رۆک وه‌زیران ببێت.