قایمقامی شنگال: دەبێت شەشۆ دەست لەو ڕەفتارانەی هەڵبگرێت

قایمقامی شارۆچکەی شنگال داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، حەیدەر شەشۆ ئاگادار بكاتەوە لەسەر هاتنی هێزەكانی حەشدی شەعبی لەشەنگال.

مەحما خەلیل، قایمقامی شارۆچکەی شنگال، بە ماڵپەڕی (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: "لە ڕووی دەستووری و یاساییەوە، شنگال بەشێکە لە هەرێمی کوردستان و ڕێگا بە هیچ هێزێک نادرێت، لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە، لە شنگال بێت و درووست بوونی ئەو هێزانە لە شنگال، زێدەڕۆییە لەسەر خەڵکی عێراق و شنگال”.

قایمقامی شنگال داوای لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد، حەیدەر شەشۆ، ئەندامی ئەنجومەنی ناوەندیی یەکێتی و فەرماندەی یەکینەکانی پاراستنی شنگال (یەپەشە) ئاگادار بکاتەوە و گوتی: "دەبێت شەشۆ دەست لەو ڕەفتارانەی هەڵبگرێت، چونکە ئەگەر حەشدی شەعبی لە شنگال ڕێگەپێدراو بێت، ئەوا دەبێت لە سلێمانی و کەرکووکیش ڕێگەپێدراو بێت، پرسیارەکەش ئەوەیە، درووست بوونی حەشدی شەعبی ڕێگەپێدراوە؟”.

ڕوونیکردەوە: کە بەپێی ماددەی 121ی دەستووری هەمیشەیی عێراق، نابێت هیچ هێزێک لە دەرەوەی پاسەوانی سنوور و هێزی پێشمەرگەی کوردستان، بە ڕەزامەندیی وەزیری ناوخۆ درووست بکرێت، بۆیە دەبێت دەست لەو نیازە لە شنگال هەڵبگیرێت".



PM:05:29:05/04/2016