سەڵاحەدین بەهادین بڕیاریدا خۆی بۆ ئەمینداریەتی یەكگرتوو كاندید بكاتەوە

ئەمینداری پێشووی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بڕیاریدا جارێكیتر سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان وەربگرێتەوەو ئەوەش پاش ئەوەی لە هەفتەی رابردودا بڕیاریدا خۆی بۆ ئەمینداریەتی یەكگرتوو لەكۆنگرەی حەوتەمی حیزبەكەی خۆی بپاڵێوێت.

هیوا میرزا سابیر ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو لە ئەكاونتی تایبەتی خۆیدا لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك سەبارەت بە و قسەو باسانەی ماوەیەكە كەوتۆتەوە لەبارەی دوبارە خۆكاندیدكردنەوەی سەڵاحەدین بەهادین دەڵێ‌ " لەم دەماودەمی كۆنگرەیەدا هەوڵی شڵەژان و بەلاڕێدابردن وبێتاقەتكردن وئازاردان وكێشە بۆ نانەوەمان زۆرە بەتایبەت بۆ بابەتی ئەمیندارو كێ خۆی دەپاڵێوێت و كێ خۆی ناپاڵێوێت پێویستە لەم ڕووەوە ئاگاو ووشیار بین" هەروەها ئاماژەی بۆ ئەوەش كردووە "چەند مامۆستایەك ئەگەری خۆ پاڵاوتنیان هەیەو مامۆستا صلاح الدین محمد بهادینیش لەسەرداوای كۆمەڵێك براوخوشك بڕیاری داوە خۆی بپاڵێوێت". 

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەساڵی 1994 وە بەشێوەیەكی ئاشكرا وەك حیزب خۆی ئاشكراكردووەو، تائێستا 6 كۆنگرەی بەستووە و بەپێی پەیرەوی ناوخۆی حیزبەكە دەبێت لەمانگی 5ی ئەمساڵدا كۆنگرەی حەوتەم ببەستێت.

سەڵاحەدین بەهادین لەساڵی 1994 وە تا 2012 بۆماوەی 18 ساڵ ئەمینداری گشتی حیزبەكە بووە، سەررەرای ئەوەی لەساڵی 1987 وە تا 1994 سەڵاحەدین بەهادین ئەو ماوەیەش هەر كەسی یەكەمی ئەو رەوتە ئیسلامیە میانڕەوە بووە (ئەمەش بەپێی قسەی ئەبوبەكر عەلی لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنی پەیام دا).



AM:11:02:10/04/2016