بەشێك لەبودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە تەرخان دەكرێت
لەسەردانێكی وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ ئەمەریكا، بڕیاردرا بەشێك لەبودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمەریكا بۆ پێشمەرگە تەرخان بكرێت.
بەپیچی بەیاننامەیەكی رۆژنامەوانی نوسینگەی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان دوای سەردانێكی سەركەوتوو بۆ ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانو وەفدی یاوەری، ئەمڕۆ سێشەممە، گەڕانەوە هەرێمی كوردستان.
وەفدێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران وهەریەك لە كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ - وەزیر پێشمەرگە بەوەکالەتو فەلاح مستەفا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان، سەردانی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكایان كردو چەندین كۆبونەوەو دیداریان لەگەڵ پەرپرسانی ئەو وڵاتە ئەنجام دا، وەفدەکە ئەمرۆ گەڕایەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
لە كۆبونەوەكاندا، قوباد تاڵەبانی بە وردی باسی لە رەوشی دارایی هەرێمی كوردستان کرد لە سایەی دابەزینی نرخی نەوتو شەڕی داعشو بارگرانیی پەنادانی زیاتر لە ملیۆنێكو 800 هەزار ئاوارەی عێراقو سوریادا. هەروەها قوباد تاڵەبانی لەدیدارو كۆبونەوەكانیدا تیشكی خستە سەر قارەمانیەتی هێزی پێشمەرگە لە شەڕی دژ بە تیرۆستانی داعشو داوای لە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریكا كرد هەوڵ بدەن بە زووترین كات هاوكاری هەرێمی كوردستان بكەن لە رووی مادیو سەربازییەوە.
ئازاد كردنەوەی شاری موسڵ تەوەرێكی گرنگی كۆبونەوەكانی وەفدی حكومەتی هەرێمی كوردستان بوو لە ئەمریكا.
قوباد تاڵهبانی لە كۆرو كۆبونەوەكاندا بە بەرپرسانی ئیدارەی ئەمەریکای راگەیاند : حکومەتی هەرێم مووچەی چوار مانگی کارمەندانو فەرمانبەرانی خۆی هێشتا نەداوە. سێ مانگ مووچەی پێشمەرگەی نەداوە، کە دلێرانە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەنو بۆی رونکردنەوە هەرێمی کوردستان 1,400 شەهیدی داوە، و 8,000 برینداریشی هەیە.
قوباد تاڵهبانی دووپاتیكردهوه "هیچ شهڕێك به مایەپووچی سهركهوتنی تیادا تۆمار ناكرێتو ههرێمی كوردستان پێویستی بە یارمەتی زیاترە لە ویلایەتە یەكگرتووەكانو کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی". خۆش بەختانەش دوای سەردانی وەفدی باڵای حكومەتی هەرێمو كۆبونەوەو سەردانەكانی تری بەرپرسانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ئەمریكییەكان، ویلایەته یەكگرتوەكانی ئەمریكا بڕیاریدا بەشێك لە بودجەی وەزارەتی بەرگری ئەمریكا بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخان بکا بەوپێیەی هێزی پێشمەرگە رۆلێكی گرنگ دەگێرێت لە شەری دژ بە تیرۆریستانی داعشو ئەمەش دەسکەوتو ئەنجامێکی دڵخۆشکەرە بۆ دیبلۆماسیەتی کوردییو دەستگیرۆییکردنی پێشمەرگە قارەمانەکان کە درێغییان نەکردووە لەگیانبازییو قوربانیدان.
PM:04:25:19/04/2016