عادل نوری سەبارەت بە خۆكاندیدكردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی حكومەت روونكردنەوە دەدات

پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكگرتوو لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت بەهیچ شێوەیەک نیازی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران نییە.

عادل نوری پەرلەمانتاری فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆ چوارشەم ٢٠ی نیسانی ٢٠١٦ روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و تیایدا رەتی دەکاتەوە نیازی خۆکاندیدکردنی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران هەبێت.
لەو روونکردنەوەیەدا دەڵێ، "دوای ئەوەی ئامادەبووانی کۆبوونەوەکەی دوێنێ گەیشتە 240 ئەندام لە کاتیکدا تەنیا 165 کەس بەس بوو بۆ شەرعی بوون و یاسایی بوونی دانیشتنەکە ئەمڕۆ لیستی خۆ کاندیدکردن بۆ پۆستی سەرۆکایەتی و دوو جێگرەکەی کرایەوە".

زیاتر دەڵێ، "داوا لە ئێمە کرا خۆمان کاندید بکەین بۆ پشکی کورد - کە جێگری دووەمی سەرۆکە و من بە فەرمی رامگەیاند کە بە هیچ شێوەیەک خۆم کاندید ناکەم و دەبیت بە چۆلی بمێنیتەوە، تا ئێمەی کورد بە راوێژ لە نێوان خۆماندا کەسێک کاندید دەکەین. لە سێ رۆژی رابردووشدا لە کەناڵەکانەوە بئ نیازی خۆمم لەو پۆستە راگەیاندووە".

پەرلەمانتارەکەی یەکگرتووی ئیسلامی بەتوندی ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە لە پێناو وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەراندا پێوەندی بە ریزی مانگرتووانەوە کرد بێت و زیاتر دەڵێ، "لێرەوە وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆ و دەنگە نەشازانە دەدەینەوە کە دەڵێن، عادل نوری خۆی بۆ ئەو پۆستە داناوە کە ئەوە هەڵوێستی ئێمەیە و هەموو ئەو هیت و هاوارە دوورن لە راستییەوە. من ئەرکی خۆم ئەنجامدا و درێژە بە کاری راوە گەندەڵی دەدەم و کۆبوونەوەکانی مانگرتووان بۆ دانانی دەستەی سەرۆکایەتی بە جێدێڵم تا ئەو کاتەی کورد بەراوێژی هەموومان کەسێک بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکەین. ئەمەش ئەوپەڕی راستی و راستگۆییمان دەردەخات کە بە نیازی پلە و پۆستی ئیداری نەبووین بەڵکو قەناعەتمان وابووە".

لەکۆتایی روونکردنەوەکەشدا دەڵێ، "دڵخۆشم کە توانم (نا)یەکی ئازایانە و ئازادانە بکەم بۆ چەواشەکاری و خۆڵکردنە چاوی میللەتەکەم. شادومانم کە نەکەوتمە گەڵەی هیچ تەڵە و تەڵەکەبازێکەوە و بە تەنیا توانیم لە ئاستی گەمە سیاسییەکاندابم. لەکاتێکدا فراکسیۆن و دەیان پەرلەمانتار بەهەردوو قاچەوە تێکەوت. چاودێری کۆبوونەوەکان دەکەین و لە هەر کات و شوێنێکدا بزانین بەرژەوەندی خاک و خەڵکی کوردستان دەخوازێت ببین ، دەبین".



PM:05:06:20/04/2016