تاڵه‌بانی‌: گرنگ نییە هاوكارییەكە لەڕێگەی‌ بەغداوە بێت یان نا، گرنگ خەرجكردنییەتی‌

جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان ئاشكرای دەكات، ئەمریكا بەبێ مەرج هاوكاری‌  پێشمەرگە دەكات، دووپاتیشیدەكاتەوە بەشێكە لەبڕیاردان لەسەر جێبەجێكردنی‌ سیاسەتی‌ نەوتیی‌ هەرێم.

ئەمڕۆ 21/4 قوباد تاڵەبانی‌ جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لەمیانەی‌ كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ رۆژنامەنوسان لەهەولێر، وردەكاریی سەردانی‌ وەفدەكەی‌ حكومەتی‌ هەرێمی بەسەرۆكایەتی خۆی بۆ ئەمریكا رونكردەوەو وتی‌: "ئەمریكا بڕیاریداوە 415 ملیۆن دۆلار وەكو هاوكاری‌ بداتە پێشمەرگە، بەڵام هاوكارییەكە بەبێ مەرجەو پێشتریش رامانگەیاندووە كە بەشداری‌ شەڕی‌ موسڵ دەكەین".
وتیشی‌: "گرنگ نییە هاوكارییەكە لەڕێگەی‌ بەغداوە بێت یان نا، گرنگ خەرجكردنییەتی‌".

جێی وەبیرهێنانەوەیە دووشەممەی‌ رابردوو، ئاشتۆن كارتەر وەزیری بەرگری ئەمریكا كە بە سەردانێك گەیشتبووە بەغدا، رایگەیاندبوو بڕی 415 ملیۆن دۆلار دەدەنە هێزەكانی پێشمەرگە.
سەبارەت بە ئاگاداربوونیش‌ لە پرسی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستان، قوباد تاڵەبانی‌ دەڵێت: "هەركەسێ‌ ئینتەرنێتی‌ هەبێت، دەتوانێت بچێتە سەر سایتی‌ حكومەتی‌ هەرێمی‌ كوردستان و گرێبەستەكانی‌ نەوت ببینێت، سەیریبكات و دیراسەی‌ بكات، بۆیە ئەمە شتێكی‌ شاراوە نییە".
وتیشی‌: "لەوەتەی‌ بووم بە جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەت، جێگری‌ سەرۆكی‌ لیژنەی‌ نەوت و غازی‌ هەرێمی‌ كوردستانیشم، كە لەو شوێنەوە سیاسەتی‌ نەوت و غاز دادەڕێژرێت، بەڵام ئێمە دەستگایەكی‌ جێبەجێكار نین، وەزارەتی‌ سامانە سروشتییەكان جێبەجێكارە".

قوباد تاڵەبانی‌ رونیشكردەوە "لەوەتەی‌ بومەتە جێگری‌ سەرۆكی‌ حكومەت هەموو بابەتەكانی‌ كە پەیوەندی‌ بە نەوتەوە هەیە دێتە ئەو لیژنەیە، هەمووی‌ دەخوێنمەوەو دیراسەیان دەكەم، بەشێكیشم لە بڕیاردانی‌ جێبەجێكردنی‌ ئەو سیاسەتە".

قوباد تاڵەبانی وتیشی: "هەرشتێك بە زەڕورم زانیوە بیزانم، پرسیارم كردووەو لەلایەن وەزیری‌ سامانە سروشتییەكانەوە وەڵام دراومەتەوە، بەڵام من وەزیری‌ نەوت نیم ئاگاداریی هەموو پرۆسەی‌ نەوتی‌ هەرێمی‌ كوردستان بم".

سەبارەت بە رێككەوتنی‌ نەوتی‌ نێوان هەرێم و ئێرانیش قوباد تاڵەبانی‌ وتی‌ "تائێستا سەبارەت بە نەوت رێككەوتن لەگەڵ ئێران نەكراوە".


سەرچاوە: خەندان



PM:02:59:21/04/2016