خوێندنەوەیەكی جیاواز لە یاری هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر



دوێنی شەممە لە یاریگەی شەهید فرەنسۆ هەریری كەرنەڤاڵی كۆتایی خولی نایابی فاست لینكی كوردستان بۆ تۆپی پێی ئەنجامدرا، بە بەرێوەچوونی یاری یەكلاكەرەوە بۆ دەستنیشانكردنی پاڵەوانی خولەكە لە نێوان هەردوو یانەی هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر، لەم یارییەدا یانەی هەولێر توانی یارییەكە بە ئەنجامی (2-1)گۆڵ بباتەوە و ببێتە پاڵەوانی خولەكە، لەم یارییە جگە لەوەی، كە یارییەكی چارەنووساز بوو، بەڵام چەندین ژمارە و ئامارە تۆمار كرا بەمشێوەی خوارەوە.
- یانەی هەولێر بۆ سێیەم جار نازناوی خولی نایابی كوردستانی بە دەستهێنا، بەم نازناوە یانەی هەولێر ژمارەی نازناوەكانی لەگەڵ یانەی زێرەڤانی یەكسانكردووە، كە تەنیا ئەم دوو یانە توانیتان لە مێژووی خۆیاندا سێ نازناو بە دەستبهێنن.
- یوسف كاكێ توانی لە یەكەم ئەركی وەكو راهێنەر لەسەر ئاستی خولی نایاب نازناوی خولەكە بە دەستبهێنێت.
- دیار رەحمان تاكە یاریزانە لە مێژووی خولی نایاب بتوانێت لە ماوەی 10 ساڵی خولی نایابی كوردستان، 5 جار نازناوەكە بە دەستبهێنێت بەمشێوەی خوارەوە.
1- وەرزی 2007-2008 یانەی بروسك
2- وەرزی 2008-2009 یانەی بروسك
3- وەرزی 2009-2010 یانەی هەولێر
4- وەرزی 2011-2012 یانەی هەولێر
5- وەرزی 2015-2016 یانەی هەولێر
ئەمە ژمارەیەكی پێوانییە بۆ یاریزان دیار رەحمان هەژمار دەكرێت.
- بۆ یەكەم جارە لە مێژووی خولی نایابی كوردستان رێژەی ئامادەبوونی جەماوەر لە یەك یارییدا زیاتر لە 15 هەزار هاندەر تێپەر بێت، ئەمەش لە یاری نێوان هەردوو یانەی هەولێر و پێشمەرگەی هەولێر روویدا.
- یانەی پێشمەرگەی هەولێر بۆ یەكەم جارە لە مێژووی خۆیدا توانی پلەی دووەمی خولەكە بە دەستبهێنێت.
- لە مێژووی خولی نایابی كوردستان یەكەم جارە رووماڵی كردنی خولەكە بەمشێوەیە فراوانە بێت، كە زیاتر لە 30 كەناڵی تەلەڤزیونی كوردی و عەرەبی و زیاتر لە 30 فۆتۆگرافەری وەرزشی لە گشت شارەكانی كوردستان و زیاتر لە 50 رۆژنامەنووسی وەرزشی لە نێو یاریگا ئامادەبوون بۆ رووماڵكردنی یاری یەكلاكەرەوە و هەروەها هەندێك كەناڵی ئاسمانی لە ماوەی 20 كاتژمێر بەشێوەیەكی راستەوخۆ یارییەكە و رووداوەكان و خوشی و ناخۆشیەكانی رووماڵ دەكرد.
- سەمیر بابۆ تاكە راهێنەرە لەسەر ئاستی كوردستان، كە چوار جار پلەی دووەمی خولەكی بە دەستهێناوە لە وەرزەكانی (2010-2011)، (2012-2013)، (2013-2014) لەگەڵ یانەی هەولێر و وەرزی (2015-2016) لەگەڵ یانەی پێشمەرگەی هەولێر، وهەروەها 2 نازناوی خولی نایابی كوردستان بە دەستهێناوە لەگەڵ یانەی هەولێر لە وەرزەكانی (2009-2010)،(2011-2012).
جێگەی باسە یەكەم وەرزی خولی نایابی كوردستان لە وەرزی 2006-2007 ئەنجامدرا و یانەی دهۆك بووە پاڵەوانی خولەكە.


spee-kfa


PM:07:22:24/04/2016