لەشەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی سەردەشت عوسمان رێوڕەسمێك بەڕێوەچوو

پێشنیوەرۆی ئەمرۆ پێنجشەممە بە بۆنەی شەشەمین ساڵیادی تیرۆركردنی رۆژنامەنوس سەردەشت عوسمان گردبوونەوەیەك لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.

لە گردبوونەوەدا كە لەلایەن رێكخراوی "زار" بۆ بەرگریی لە ئازادییەكان، بەڕێوەچوو، بەیاننامەیەك خوێندراوە. لە بەیاننامەكەدا كە بە وتەی دایكی سەردەشت عوسمان دەست پێدەكات هاتووە:  بەداخەوە شەش ساڵە رۆژنامەنووسان و چاڵاكان و یاساناسان بەدەنگی بەرز داوا دەكەن، كەیسی سەردەشت عوسمان دەستی بەدەستی پێنەكرێت و لێكۆڵینەوەی بێ لایەنانەی لەچوارچێوەی دادگای سەربەخۆ بۆ ئەنجام بدرێ و بكوژانی سەردەشت راپێچی دادگا بكرێن، كەچی دوای شەش ساڵ هیچ وەڵامێك بۆ داواكاریەكان نەبووە.

ئەوەش هاتووە :ئەگەر مەبەستی دەسەڵات لەبیربردنی ئەو كەیسە بێت لەبیری خەڵك و رۆژنامەنووسان و چاڵاكان بەدڵنیاییەوە پێچەوانەكەی راستە و ساڵ بەساڵ لەپێداگیری و داواكاریەكانمان گەرمتر دەبین، هەوڵی زۆریش درا سەردەشت وەك رۆژنامەنووس نەناسرێت  و دایببڕن لەم چینە و هەوڵدرا بخرێتە چوارچێوەیەكی كێشەی خێزانی، بەڵام بەپاڵپشتی و دەنگە ئازادیخوازەكان بەردەوام دەبین لەزیندوو راگرتن و بەكرانەوەو هێشتنەوەی ئەم كەیسە.

لەكۆتایشدا داوا دەكەن، چاكسازییەكانی بارزانی كە ئێستا باسی لێوەدەكرێ و دەیانەوێت بۆ مێژوو هەموو تاكێكی كورد بەچاكسازی راستەقینەی بزانن با كەیسی سەردەشت عوسمان ببێتە بنەمای چاكسازی و دورخستنەوەی دەستی حزب لەدادگا و یاساكان هەرچی زوە لەرێگەی لیژنەیەكی سەربەخۆ بەدواداچون بكەن بۆ كەیسی تیرۆركردنی سەردەست عوسمان، لەبەر ئەوەی بەرپرسیارەتی سەرەكیان دەكەوێتە ئەستۆ  و وەڵامی داخوازیەكان و چاوەڕوانی خەڵك بدەنەوە.

سەردەشت عوسمان لەدایكبوی 1988 بو، بەرەبەیانی 4/5/2010، كە خوێندكاری دوا قۆناغی بەشی ئینگلیزی كۆلیژی زمان بو لەبەردەم كۆلیژەكەی لەشاری هەولێر رفێندراو بۆ رۆژی دواتر تەرمەكەی لەشاری موسڵ دۆزرایەوە.











PM:01:27:05/05/2016