" با کورد نەبێتە کەواسووری بەر لەشکری رێکخستنەوەی عێراق"

پەرلەمانتارێکی کورد لە پەرلەمانی عێراق داوا لە سەرکردە کوردەکان دەکات نەبنە کەواسووری بەر لەشکری رێکخستنەوەی عێراق.

هۆشیار عەبدوڵا سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لەنووسینێک بە ناونیشانی " بازاڕە شێواوەکە ئاسایی مەکەنەوە" دەڵێت" ماڵ وبازاڕە شێواوەکەی عیراق کە کۆمەڵێک بازرگانی سیاسی کردویانەتە فەوزا و وێرانە لە ئێستادا لە خراپترین بارودۆخدایە".
ناوبراو  دەڵێت" ئیدی رۆژانی داهاتوو سەرکردەی سیاسی و سەرۆکی پەرلەمان وخەڵکانی تریش دێن بۆ ئەوەی کورد رۆڵ بگرێت جارێکی تر بازارەکەیان بۆ رێکبخەنەوە و عەیامێكی تریش دزی و دەسەڵاتیان بەردەوام بێت".

سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان بە دوری نابینێت زۆر بەرپرس و لایەنی کوردی ببنە کەواسوری بەر لەشکری رێکخستنەوەی ئەو بازاڕی تاڵانی و ئەو دەسەڵاتە مافیاییەی عێراق و، دەڵێت" لێکچونەکانی ئێرە و ئەوێ هێندە زۆرن حەز ناکەن قەت لێیان تێک بچێت، تا هاوشێوە و  خراپتر لە خۆشیان لە گەندەڵی هەبێت".

هۆشیار عەبدوڵا پێیوایە "ئەوانە بە درۆ خەمی هەرێم و مافی چارەنوس و راپرسی و ئایندەی کوردیانە کە چی لە ۲٠٠۳ ەوە تا ئێستا عار نانێن و هەموو جارێک دەبن بە بەشێک لە رێکخستنەوەی ئەو بازارە وێرانەی عیراق . تەبعەن لە ژێر دروشمی درۆینە و پڕ شەرمەزاری ( کورد دەبێت بە شێکبێت لە چارەسەر )، باشە ئەگەر کورد کێشەی نیە و بەشێکە لە چارەسەر لە ۱۹۲٠ ەوە تا ئێستا ئەو  هەمو شۆرش وشەهید و ماڵوێرانیەمان لە عیراقدا بۆ بەسەر هات .!؟بەدەست دوکانی سیاسی کوردی و سیاسی بازرگانەوە ،چەند نەتەوەیەکی مایە پوچین خودایە! ".



AM:10:44:07/05/2016