"حكومەتی هەرێم بۆ ئەو نەوتە جوانە ئاوا هەرزان فرۆش دەكات"

پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت حكومەتی هەرێم نەوت بە 26 دۆلار دەرفرۆشێت كە لەهەمان شوێن واتە لەبەندەری جیهان نرخی بەرمیلێك نەوت بە 43 دۆلارە.

د.عیزەت سابیر سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، كە په‌ڕله‌مانتاری فراكسیۆنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە،لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك  نوسیویەتی: "بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەناردەی نەوت لە مانگی‌ نیساندا زیاتر لە 14 ملیۆن بەرمیل بووە و لە ڕێگەی‌ بەندەری‌ جەیهانەوە فرۆشراوەو داهاتەكەی‌ زیاتر بووە لە 376 ملیۆن دۆلار، كە نرخی هەر بەرمیلێك بە 26 دۆلار و نیو فرۆشراوە".

سەرۆكی‌ لیژنەی‌ دارایی‌ له‌ پەرلەمانی‌ كوردستان، ده‌شڵێت: "كاتێك حكومەتی هەرێم، نەوتی بەو نرخە فرۆشتووە لە هەمان شوێن واتە بەندەری جەیهان نرخی بەرمیلێك نەوت بە 43 دۆلار فرۆشراوە، واتە حكومەتی هەرێمی كوردستان نرخی هەر بەرمیلێك نەوتی بە 17 دۆلار كەمتر فرۆشتووە و پێویستە حكومەتی هەرێم بە دوای كڕیاری باشتردا بگەڕێت".

سابیر لە حكومەتی هەرێمیش دەپرسێت: ئێوە بۆ ئەم نەوتە جوانە ئاوا هەرزان فرۆش دەكەن؟.



PM:01:38:09/05/2016