عەبدوللـەتیف سەلەفی پەیامێکی بڵاوکردەوە

عەبدوللـەتیف ئەحمەد (سەلەفی) وتاربێژی مزگەوتی بەهەشت سەبارەت بە دەنگۆی ئەنجامدانی خۆپیشاندان لە بەردەم مزگەوتی بەهەشتدا لە ڕۆژی هەینیدا پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامێکدا کە لە پێگەی تایبەتی خۆی بڵاویکردووەتەوە هاتووە "وەکو هەموو لایەك دەزانن چەند رۆژێکە چەندین کەس و پەیجی ئەلیکترونی خەڵکی هان دەدەن بۆ ئەنجامدانی خۆ پیشاندان کە لە رۆژی هەینی کاتژمێر (١١)ی سەر لە بەیانی خۆپیشاندان بکەن بەرامبەر بە مزگەوتی بەهەشت، بە بیانووی مەسئەلەیەکی شەخصی کۆمەڵایەتی منەوە، خۆپیشاندان بۆ؟"

لە کۆتایی نوسینەکەشیدا نوسیویەتی "وە بۆ هەموو لایەك دوپاتی دەکەمەوە  بە پشتیوانی خوا بەردەوام دەبم لە سەر خزمەت کردنی میللەتەکەم وە لەسەر پیادە کردنی ئیسلامێکی میانڕەوی دوو لە توند و تیژی".

 

دەقی پەیامەکە

 

بسم الله الرحمن الرحیم

الحمدلله رب العالمین، والصلاە والسلام علی رسول الله وعلی ێ‌له وصحبه ومن تبعهم بإحسان إلی یوم الدین

وبعد :

وەکو هەموو لایەك دەزانن چەند رۆژێکە چەندین کەس و پەیجی ئەلیکترونی خەڵکی هان دەدەن بۆ ئەنجامدانی خۆ پیشاندان کە لە رۆژی هەینی کاتژمێر (١١)ی سەر لە بەیانی خۆپیشاندان بکەن بەرامبەر بە مزگەوتی بەهەشت، بە بیانووی مەسئەلەیەکی شەخصی کۆمەڵایەتی منەوە، جا من دەپرسم:

خۆپیشاندان بۆ؟

١-لە کاتێکدا  ئەوەی من کە کێشەش بێت، ئەوا کێشەیەکی تاکە کەسیە، بەڵام بۆ دەبێت بگات بە خۆپیشاندانی جەماوەری بەرامبەر بە مزگەوت و ماڵەکانی خودا، ئایە ئەم میللەتە گرفت و کێشەی ئەوەندە کەمە تا ئەوەشی بۆ زیاد بکەن، چونکە بە هۆی ئەم جۆرە رەفتارانە ناحەزان فرسەت ئەقۆزنەوە یان بارودۆخێکی نەخوازراو بۆ میللەتەکەمان دروست دەکەن.

2- ئایە ئێوە دەزانن چ دەستێك بەرێزتان هان دەدات و بەرەو کوێتان دەبات و خۆشیان لە کوێ ژیان بەسەر دەبەن وە دەر ئەنجامی ئەم خۆپیشاندانە چی دەبێت؟

3- ئایە نازانن هێرش کردنە سەر مزگەوت و ماڵەکانی خوا کارێکی مەترسیدار دەبێت و مایەی تورە بوونی خودایە و کارێکی ناشەرعی و نا یاساییە؟.

4- ئایە پرسیارتان نەکردووە بۆ هەڵسورێنەران و هاندەرانی ئەم خۆپیشاندانە رووی ڕاستەقینەی خۆیان ئاشکرا ناکەن بۆ جەماوەر تا دڵنیا بینەوە لە دڵسۆزی و پەرێز پاکییان بۆ ئەوەی بزانرێت ئایە ئەوانە خاوەنی ڕاستەقینەی کێشەکەن یان بەدووای دروست کردنی کێشەدا دەگەرێن؟

5- دەبێت هەڵسورێنەران چاك بزانن کە لێکەوتەکانی خۆپیشاندان لە ئەستۆی ئەو کەسانەیە کە خەڵکی هان ئەدەن لە دونیا و دووا رۆژدا.

6- کوردستانی ئێمە بە گشتی  و شاری سلێمانی بە تایبەتی کێشە و گرفتی کەممان لە رابردودا نەبووه تا ئەمەشی بخرێتە سەر.

7- خۆ شاری بێ حاکم نیە، چونکە یەکێ لە پەیجەکان دەڵێت : داوامان لە حکومەت کردووە کە رێگەمان بدات خۆپیشاندان بکەین، بەڵام کە رێگەشمان نەدات هەر دەیکەین! جا موسڵمانانی خۆشەویست لەم مەسەلەیە  تێ بگەن!!

8- با خەڵکی ئێمە زۆر  لەوە رۆشەنبیرتر بن، کە بە هەندێك کەس لە (هەندەرانەوە) فریو بدرێن، و ببنە هاندەر بۆ خۆپیشاندان و تێکدانی بارودۆخی هەرێم و ئاڵۆز تر کردنی.

9- داواکاریم لە حکومەت و دام و دەزگا پەیوەندی دارەکانی سلێمانی ئەوەیە، کە ئەمنیەتی خەڵك و مزگەوت و ناوچەکە بپارێزن.

10- وە داواکاریشم لە راگەیاندنەکان ئەوەیە، کە چیتر خەڵکی هان نەدەن و بە  رێگای خراپیاندا نەبەن و نەبنە هۆکاری زیاتر ماندوو کردنی خەڵك.

11- وە داواکاریشم لە ئەوانەی کە بەرامبەر من شتێکیان هەیە و لە جیاوازی بیرورا و هەر زویر بوونێکی دەروونی کە لە منیان هەیە، بەڵام با وریا بن، نەبن بە پردێک کە ناحەزانی ئەم میللەتە بە پیلانەکانیان بەسەریدا بپەرنەوە.

12- داواکاریشم لە دڵسۆزان و پیشتیوانانم ئەوەیە کە دان بەخۆیاندا بگرن و هیچ کاردانەوەیەکی نەشیاویان نەبێت، چونکە ئەمە پەروەردەی سەلەفیەتە و لەگەڵ ئێمە و لەگەڵ غەیری ئێمەش بکرێت هەر هەمان هەڵوێستمان هەبووە و دەبێت – إن شا‌والله -.

13- داوا لە گەنجامی خوێن گەرمی ئەم شارە دەکەم کە هەڵوێستی ژیرانە دەر برن بۆ بە دەنگەوە نەهاتنی ئەم جۆرە خۆپیشاندانانە، چونکە خزمەت بە دین و دونیای شارەکەمان ناکات.

 14- لە کۆتایدا ئەگەر وا پێویست بکات بۆ پاراستنی ئەمن و ئاسایشی خەڵك و مزگەوت و ناوچەکە سبەینی وتاری هەینی نەخوێنمەوە، ئەوا بەلامەوە زۆر ئاساییە و دروست نەبوونی یەك دەمە قاڵە و پشێوییەك بەلامەوە زۆر گرنگترە لە وتاردانەکەم.

وە بۆ هەموو لایەك دوپاتی دەکەمەوە  بە پشتیوانی خوا بەردەوام دەبم لە سەر خزمەت کردنی میللەتەکەم وە لەسەر پیادە کردنی ئیسلامێکی میانڕەوی دوو لە توند و تیژی.

وە لە خوای گەورە داوا کاریم یارمەتیمان بدات بۆ هەموو  وتە و کارێکی خێر.

 

براتان / د.عبداللگیف أحمد

 

٥ / شعبان/ ١٤٣٧ هـ



PM:05:06:12/05/2016