قوباد تاڵه‌بانی: بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بابه‌تێك نییه بۆ موزایه‌ده‌و خۆهه‌ڵكێشان
جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران رایگه‌یاند، سه‌ربه‌خۆیی و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بابه‌تێك نییه بۆ موزایه‌ده، بابه‌تێك نییه بۆ خۆ هه‌ڵكێشان، هه‌روه‌ها قسه‌و باسی سه‌ربه‌خۆیی گوتارێك نییه بۆ پێكدادان و توڕه‌كردنی دراوسێ و دۆسته دێرینه‌كانمان.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێم ئه‌مڕۆ 15/5، له وته‌یه‌كدا له كۆنفرانسی به‌ره‌و ناسنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان له‌سه‌رده‌می جیهانگیریدا له سلێمانی وتی: "ره‌نگه هیچ زاراوه‌یه‌ك هێنده‌ی وشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆنفرانسه‌یه هاوڵاتیانی كورد راناچڵه‌كێنێت، چونكه ئێمه یه‌كێكین له‌و میلله‌تانه‌ی زۆر قورس و سه‌خت باجی ژێر ده‌سته‌یی و نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆییمان داوه".
ده‌قی وتاره‌كه:
ده‌ستخۆشی بۆ رێكخه‌رانی ئه‌م كۆنفراسه ناوه‌ڕۆكدار و گرنگه
به‌خێرهاتنی میوانانی ناوه‌و ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌م.. ماندوو نه‌بن..
پیرۆز بێت له‌شاری سلێمانی ئه‌م هه‌موو چالاكییه رۆشنبیریی‌و فیكری‌و هونه‌رییه.. وه‌ك هه‌میشه ئه‌م شاره رایهێناوین له‌سه‌ر پێشه‌نگ بوون له ده‌ستپێشخه‌ریی دڵخۆشكه‌ر..
ره‌نگه هیچ زاراوه‌یه‌ك هێنده‌ی وشه‌ی سه‌ربه‌خۆیی كه ته‌وه‌ری سه‌ره‌كیی ئه‌م كۆنفرانسه‌یه هاوڵاتیانی كورد را-نه-چڵه-كێنێت، چونكه ئێمه یه‌كێكین له‌و میلله‌تانه‌ی زۆر قورس‌و سه‌خت باجی ژێر ده‌سته‌ییو نه‌بوونی سه‌ربه‌خۆییمان داوه..
تین‌و هه‌ر ئاوی له بیره... له‌به‌رچاوی خه‌ڵكی برسیش مانگ وه‌ك كولێره دێته به‌رچاو..
ئێمه‌ش سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك ئاو‌و كۆلێره‌یه بۆ گه‌له‌كه‌مان.. بۆیه مافی بێ چه‌ند-و-چونی خۆمانه‌و - جێگه‌ی خۆیه‌تی هه‌موو كاتێك گرنگیی ته‌واو به‌م بابه‌ته بده‌ین..
نه‌ك كۆنفرانس‌و كۆڕ‌و دیبه‌یت، به‌ڵكو شه‌و و رۆژی ژیانی خۆمانی بۆ ته‌رخان بكه‌ین...
سه‌ربه‌خۆیی لای ئێمه ئامانجه - خه‌ونه - ستراتیژه - به‌ڵام رێگای گه‌یشتن به‌م خه‌ونه-له-مێژینه‌یه - به‌چه‌ندین له‌مپه‌ری سیاسی‌و گرێ‌و گۆڵی ئابووری ته‌نراوه..
ئه‌ركی ده‌سته‌بژێری ئێمه‌یه، له‌گه‌ڵ دۆستانمان - ژیرانه چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی ببنه نه‌خشه رێیه‌ك بۆ سیاسییه‌كانو بۆ حكومه‌ت تا ئیشی له‌سه‌ر بكات بۆ ئه‌وه‌ی هه‌نگاوی دروستی بۆ بنێین‌و كاره‌كانمان له‌سه‌ر به‌رچاوڕونی بنیات بنرێت.
میلله‌تی ئێمه چه‌ندین سه‌ده چاوه‌رێی سه‌ربه‌خۆییه، خه‌باتی زۆری بۆ سه‌ربه‌خۆیی كردوه‌و ده‌ریایه‌ك خوێن‌و قوربانییه‌كی زۆر زۆری بۆ به‌خشیوه، بۆیه شایسته‌ی ئه‌وه‌یه به باشترین شێوه‌و - له جوانترین به‌رگدا - به‌م مافه ڕه‌وایه‌ی خۆی شاد بێت..
سه‌ربه‌خۆیی‌و بانگه‌شه‌ی سه‌ربه‌خۆیی بابه‌تێك نییه بۆ موزایه‌ده - بابه‌تێك نییه بۆ خۆ هه‌ڵكێشان - هه‌روه‌ها قسه‌و باسی سه‌ربه‌خۆیی گوتارێك نییه بۆ پێكدادان‌و توڕه‌كردنی دراوسێ‌و دۆسته دێرینه‌كانمان، له‌مه‌ش گرنگتر كارتێكی گوشاریش نییه بۆ به‌ده‌ستهێنانی ده‌سكه‌وت‌و ئیمتیازات - به‌ڵكو بریتییه له‌ئیستیحقاقی نه‌ته‌وه‌یی دواكه‌وتووی چه‌ندین ساڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان‌و ده‌چێته خانه‌ی مافه سروشتی‌و خۆڕسكه‌كان.
ئێمه له‌كاتێكدا جه‌غت له‌سه‌ر مافی سه‌ربه‌خۆیی ده‌كه‌ینه‌وه، ده‌زانین رێگای گه‌یشتن به‌م ئامانجه درێژه‌و- نه مه‌رجه له‌م كۆنفراسه‌و - نه به‌م زوانه‌و به‌م دهستو ده‌مه بریاری لێ بده‌ین - چونكه هێشتا له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و ده‌ره‌وه‌ش ساز‌و ئاماده نین‌و كات‌و كاركردنمان پێویسته.
ره‌خنه‌گرانمان له‌باره‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڵێن ئێمه‌ی كورد كه تا ئێستا خاوه‌نی سوپایه‌كی یه‌كگرتوی نیشتمانی نین‌و هێشتا هه‌ر پشت به گیانفیدایی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان ده‌به‌ستین، چۆن ده‌توانین جاڕی سه‌ربه‌خۆیی بده‌ین؟!
ده‌پرسن، كه ئابوورییه‌كی بته‌و‌و ژێرخانێكی كامڵ‌و تێر‌و ته‌واومان نییه، چۆن ده‌توانین میلله‌تی خۆمان بخه‌ینه به‌رده‌م سه‌ركێشی؟!
ده‌شپرسن، كه هێشتا كێشه‌و گرفتمان هه‌یه له شێوازی حوكمڕانی‌و ئیداره‌دانی هه‌رێم چۆن ده‌توانین كات‌و واده‌ی دهستو ده‌م بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی دابنێین‌و باس له ده‌وڵه‌تداریی ده‌ستوده‌م بكه‌ین..
ئه‌مانه پرسیاری گرنگن، و پێویستیان به وه‌ڵامه. له‌به‌رامبه‌ردا، ئه‌وانه‌ی سوورن له‌سه‌ر پرسی سه‌ربه‌خۆیی ده‌ڵێن، هیچ كاتێك سه‌رجه‌م خاڵه پێویسته‌كان یه‌ك ناگرنه‌وه و كاتێكی بێگه‌رد نابێت كه‌وا به بێ باج و كێشه كوردستان مافی خۆی وه‌ر بگرێت. كه‌سێش كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆمان له پاكه‌تدا پێشكه‌ش ناكات.
ئه‌م وه‌ڵامه‌ش په‌سه‌نده. به‌ڵام ئه‌وه‌ی لای من په‌سه‌نده ئه‌وه‌یه كه ناكرێت بانگه‌شی سه‌ربه‌خۆیی بده‌ین، له‌كاتێكدا هێشتا له‌ئاستێكی به‌رزی سیاسی ئیمه‌دا، بۆنی بۆگه‌نی دوو ئیداره‌یی دێت. هێشتا ئێمه توانای تێكه‌ڵكردن‌و یه‌كگرتنه‌وه‌ی دوو بازگه‌مان نییه له‌نێوان هه‌ولێر‌و سلێمانیدا.
كه ناتوانین له نێو خۆمان كێشه‌ی سیاسی و ئیداری چاره‌سه‌ر بكه‌ین، چۆن ده‌توانین له‌سه‌ر ئه‌م پرسه هه‌ره چاره‌نووسسازه رێكه‌وین؟
به‌داخه‌وه، درزه‌كانی نێو ماڵی كورد، ئه‌مڕۆ گه‌وره‌ن، و ده‌ردی مام وته‌نی، ئه‌بێ ئاگامان له پانایی بێت.
گواستنه‌وه‌ی پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان، له خه‌ونێكه‌وه بۆ واقیع، پرۆسه‌یه‌كه كه به گفتوگۆ له نێو خۆماندا ده‌ست پێ ده‌كات. ئنجا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ دۆست و نه‌یار.
ئێمه هێشتا له‌سه‌ره‌تای رێگای په‌یداكردنی دۆست‌و پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیداین بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافی سه‌ربه‌خۆیی، بۆیه ناتوانین له‌سه‌ر ئاستی جیهان ئه‌م كارته وا به‌ئاسانی بسوتێنین.
ئێمه مه‌به‌ستمانه راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی بكه‌ینه ده‌رفه‌ت‌و كه‌رنه‌فالێك له‌سه‌ر ئاستی جیهان بۆ له‌دایكبونی ده‌وڵه‌تێكی نوێ - نه‌ك خولقاندنی كیشه‌و بارگرژیی له‌رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كه خۆی پڕه له قه‌یران‌و ئالۆزیی.
سه‌ره‌ڕای ئه‌م هه‌موو خاڵه نه‌رێنیانه، به‌ڵام كاتێك ته‌ماشای كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان ده‌كه‌ین - چۆن دوو ساڵه به‌رگه‌ی بارگرانیی سه‌ختی قه‌یرانی داراییان گرتوه، كاتێك ته‌ماشای گیانفیدایی پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان ده‌كه‌ین چۆن بۆ جیهانیان سه‌لماند ئه‌و هێزه‌ن ده‌توانن چڕنوكی داعش بشكێنن، ده‌زانین ئه‌مڕۆ بێت یان سبه‌ی - ده‌گه‌ینه خه‌ونی له-مێژینه-مان‌و ئاڵای پیرۆزی كوردستان له‌نێو ئاڵای وڵاتانی تری جیهاندا ده‌شه‌كێته‌وه.
به‌ڵام له‌هه‌مانكاتدا ده‌بێت ئه‌و راستییه بزانین، هه‌ركه‌سێك بییه‌وێت وێنای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی به بێ ئاماده‌كاریی پێشوه‌خته بكات، پێویسته ئه‌زمونی باشوری سودان ببینێت، كه ده‌شێت یارمه‌تیده‌رێكی باش بێت بۆ تێگه‌یشتن كه چۆن دوای راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی له رووی ئابووریی‌و هه‌نارده‌ی نه‌وته‌وه ئاتاجی ده‌وڵه‌تی دایك بوونه‌وه‌و له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆش دووچاری شه‌ڕو پێكدادان هاتن.
ئێمه له‌كاتێكدا نمونه‌ی باشوری سودان‌و وڵاتی دایك ده‌هێنینه‌وه، ئاسۆی عێراق وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتوو روون نییه‌و به‌كێشه‌و گرفتی زۆر گه‌وره‌دا تێده‌په‌رێت‌و ئه‌گه‌ری له‌به‌ر یه‌ك هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی هه‌یه.
ئه‌وه‌ی له‌گرنگی‌و بایه‌خی ره‌مزی ئه‌م قسانه‌شمان زیاد ده‌كات - ئه‌وه‌یه كه لێك-دانه‌وه‌كانمان هاوكاتن له‌گه‌ڵ سه‌د ساڵ تێپه‌ڕبون به‌سه‌ر رێككه‌وتنی سایكس-پیكۆ كه هه‌م كوردستانی له‌ت و په‌ت كرد، هه‌م وڵاتانی ناوچه‌كه‌شی به‌م نه‌خشه‌یه‌ی ئێستای هێنایه ئاراوه.
ئێمه كه دان به‌م راستییه تاڵه‌كانی به‌رده‌م رێگای سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌نێین، هیچ كات ته‌سلیمی رێگرییه‌كان نابین‌و پاڵ ناده‌ینه‌وه - به‌ڵكو ده‌مانه‌وێت له‌مپه‌ر‌و رێگرییه‌كانی به‌رده‌م سه‌ربه‌خۆیی تا نزمترین ئاست كه‌م بكه‌ینه‌وه‌و به‌سه‌ریاندا زاڵ بین..
ده‌مانه‌وێت هه‌وڵ بده‌ین متمانه به دۆسته عه‌ره‌به‌كانمان بده‌ین له عێراق، كه شه‌ریكمانن له ده‌وڵه‌ت‌و خاك‌و داهات - كه ئه‌گه‌ر ئێمه له چه‌ندین ساڵی رابردوودا نه‌مانتوانیبێت له چوارچێوه‌ی یه‌ك ده‌وڵه‌تدا پێكه‌وه بژین، ئه‌وه ده‌شێت له داهاتوودا دراوسێیه‌كی باش‌و دۆست‌و بگره ته‌واوكه‌ری یه‌كتریش بین - چونكه په‌یوه‌ندیی نێوان ئێمه‌و ئه‌وان حوكمی مێژوو جوگرافیا-یه‌و هیچ كات بڕیاری سیاسی ناتوانێت ئێمه له دراوسێیه‌تی داڕنێت..
نه‌ك هه‌ر ئه‌وه، به‌ڵكو ئێمه - به‌وان‌و به جیهانیش ده‌ڵێین - وه‌ك له ناونیشانی ئه‌م كۆنفرانسه‌دا جه‌ختی لێكراوه‌ته‌وه ئێستا سه‌رده‌می جیهانگیریی‌و تێك-چڕ-ژانی شارستانیه‌ت‌و كلتوره‌كانه - ئه‌وه‌ی ئێمه ده‌مانه‌وێت - بوونی شوناس‌و قه‌واره‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ‌و تایبه‌ت به‌خۆمانه له ناو ئه‌م جیهانگیری‌و تێك-چڕ-ژانه كلتوری‌و رۆشنبیری‌و مرۆڤایه‌تیی-ه‌دا‌و هیچ كاتێك نامانه‌وێت ببینه كێشه‌و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر كه‌سیتر.
هه‌ر شاد و سه‌ر به‌رز و سه‌ركه‌وتوو بن
PM:03:52:15/05/2016