وتەبێژی حكومەتی هەرێم: پەیوەندیی باشمان لەگەڵ ئێراندا هەیە

لە ڕونکردنەوەیەکدا، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەو هەواڵانە رەتدەكاتەوە، كە لەبارەی دروستكردنی بەربەست لەلایەن سەرۆكی حكومەتەوە بۆ رێككەوتنی بواری نەوت و غازی هەرێم لەگەڵ ئێران بڵاوكراونەتەوە، دەشڵێت:"حکومەتی هەرێم، پەیوەندیی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە".

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی فەرمی حكومەتی هەرێم دەڵێت: "دووپاتی دەكەینەوە ئەو هەواڵە بە هەموو شێوەیەك هەڵەبەستراو، بێبنەما و دوور لە هەموو راستییەكە، هەر لەبەرئەوەش ناوی سەرچاوەكەی نەهێنراوە‌. گفتوگۆی هەرێمی كوردستان و كۆماری ئیسلامیی ئێران دەربارەی هاوكاری لە بواری وزەدا هەیە و لە ئاستی تەكنیكیدا بەردەوامە".

وتەبێژی حكومەت دووپاتیشی كردۆتەوە، كە سیاسەتی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەوەیە لە هەموو بوارەكاندا و لەوانەش لە بواری وزەدا، پەیوەندیی دۆستانەی لەسەر بەرژەوەندیی هاوبەش لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ هەبێت و هەر لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەندیی باشی لەگەڵ كۆماری ئیسلامیی ئێراندا هەیە.



AM:11:35:21/05/2016