پارتی فایلی دەنگیی تاڤگە ئەحمەد بڵاودەكاتەوە

پەرلەمانتاری كورد لە پەرلەمانی عێراق رەتیدەكاتەوە وشەی (سەرۆكی هەرێم)ی بەكارهێنابێت‌و ماڵپەڕی پارتی فایلی دەنگیی بڵاودەكاتەوە.

پاش ئەوەی تاڤە ئەحمەد، پەرلەمانتاری لادراوی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە روونكردنەوەیەك بۆ رای  گشتی رایگەیاند كە ماڵپەری فەرمی پارتی هەواڵێكی بەناوی ئەوەوە هەڵبەستووە‌و، ئەو وشەی (سەرۆك بارزانی) بەكارنەهێناوە. ماڵپەڕەكە فایلی دەنگی ئەو پەرلەمانتارە بڵاودەكاتەوە.

لە هەواڵی ماڵپەڕەكەدا هاتووە:"پێرێ22/5/2016، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیی لەگەڵ کۆنەپەرلەرلەمانتارەکەی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەغدا و ئەندامی بەرەی چاکسازیی ئێستا ساز دا، لێدوانەکە دەربارەی کۆبوونەوەی شاندەکەیان بوو لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان (مەسعوود بارزانی) و نوێنەرانی کورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی بەغدا، (تاڤگه‌ ئه‌حمه‌د میرزا) لە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسی ماڵپەڕەکەماندا گوتی، "شاندەکەمان لەگەڵ پەرلەمانتاران و (سەرۆک بارزانی)ـدا کۆ بوونەتەوە."

هەواڵی ماڵپەڕەكە هەرەوەها دەنوسێت "لەمبارەیەوە ئەو ئەندامەی بەرەی چاکسازی لە ڕوونکردنەوەیەکیدا کە گوایە بۆ ڕای گشتییە، خۆی لەو لێدوانە بێبەری کردووە و گوایە (سەرۆک بارزانی) بە سەرۆک ناو نەهێناوە، هەڵبەتە ئێمە لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە بەڵگەی دەنگی بۆ خوێنەرانی نیشان دەدەین کە، هیچ هەواڵیکمان هەڵنەبەستووە تا ئەو پێی وابێ بە ناوی ئەوەوە زانیاریی نادروستمان بڵاو کردبێتەوە، کە دەنگی ئەو خانمە بەرێزە پەرلەمانتارەیش بڵاو دەکەینەوە، مەبەستمانە راستگۆیی بڵاوکردنەوەی زانیارییەکانمان بۆ خوێنەران بسەلمێنین".


لەم لینكەوە فایلە دەنگییەكە ببیستن.



PM:05:24:24/05/2016