ئەمڕۆ یەکگرتوو ئەمیندار یەکلایی دەکاتەوە

یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان ئەمڕۆ کۆنگرەی حەوتەمی حیزبەکەی سازدەکات و وابڕیارە پاشنیوەرۆ کۆنگرە ئەمینداری گشتی و سەرکردایەتی نوێ هەڵبژێرێت.

ماڵپەڕی فەرمی یەکگرتوو بڵاویکردەوە " بەپێی بەرنامەی كۆنگرە لە كاتژمێر (10)ی سەرلەبەیانی بە خوێندنی قورئانی پیرۆز دەست دەكرێت بە كردنەوەی كۆنگرە، دواتر راپۆرتی گشتی حزب لەلایەن ئەمینداری گشتی حزب دەخوێندرێتەوە".

ماڵپەڕەکە ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "بڕیاروایە كاتژمێر (2)ی دوای نێوەرۆ دەست بكرێت بە پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەمینداری گشتی یەكگرتوو، هەروەها كاتژمێر هەشتی ئێوارەش پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەندامانی ئەنجومەنی سەركردایەتی بەڕێوە دەچێت".

کۆنگرەکە لەهەولێر بە بەشداری ١١٣٠ ئەندام بەڕێوەدەچێت و چوار پاڵێوراو خۆیان کندید کردووە بۆ پۆستی ئەمیندار، ئەوانیش هەریەک لە محەمەد فەرج ئەمینداری ئێستای یەکگرتوو، سەلاحەدین بەهادین ئەمینداری پێشووی یەکگرتووی ئیسلامی، محەمەد رەوف سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکگرتوو، ئەبوبەکر عەلی ئەندامی سەرکردایەتی.




AM:09:20:28/05/2016