سپی ناوی بەرپرسە باڵاکانی یەکێتی لەناو سەرکردایەتی هاوبەش لەگەڵ گۆڕان، بڵاودەکاتەوە

یەکێتی نیشتمانی کوردستان خۆی یەکلایی کردۆتە بۆ لیژنەی هاوبەشی سەرکردایەتی نێوان یەکێتی و گۆڕان و، هەرە بەرپرسە باڵاکانیش دەستنیشان کردووە بۆ ئەو  لیژنەیە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، یەکێتی نیشتمانی کوردستان بڕیاری داوە ئەگەر لیژنەکە لە شەش ئەندام پێکبێت، ئەوا ئەو سیانەی بەر ئەو حیزبە دەکەوێت، هەریەک لە کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیم دەبن.

سپی زانیوویەتی ئەگەر لیژنەکە گەورەتریش بوو لە شەش ئەندام، ئەوا مەلا بەختیار و قادر حەمە جان و عومەر فەتاح ئەندامی لیژنەکە دەبن.

یەکێتی ئەگەری ئەوەشی داناوە، ئەگەر مەلا بەختیار ئامادە نەبوو بەشداربێت لە لیژنەکەدا، بەو پێیەی لەگەڵ رێککەوتنەکەدا نەبوو، ئەوا یەکێتی رەفعەت عەبدوڵا لەبری دادەنێت.

وا بڕیارە بەمزوانە یەکێتی و گۆڕان کۆببنەوە بۆ پێکهێنانی سەرکردایەتیەکی هاوبەش بەمەبەستی هەنگاونان بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوانیان.

رۆژی ٥/١٧ یەکێتی و گۆڕان لە ماڵی تاڵەبانی لە گردی دەباشان لەسلێمانی رێککەوتنێکیان ئەنجامداو دروستکردنی سەرکردایەتی هاوبەش یەکەم هەنگاوی ئەو رێککەوتنە دەبێت.  



AM:11:42:06/06/2016