رۆژنامه‌ی (نۆیه دۆیدشه تسایتونگ) که یه‌ک له دوو به‌ناوبانگترین رۆژنامه‌کانی ئه‌ڵمانیایه، رۆژی دوێنێ ٦/٨ وتارێکی درێژی له سه‌ر به‌ختیار عه‌لی بڵاوکردۆته‌وه، به ناونیشانی (چۆنه هێشتا په‌ی-مان به‌م نوسه‌ره گه‌وره‌یه نه‌بردوه و نه‌مانناسیوه؟؟) یان (چۆنه ده‌کرێت نوسه‌رێکی وا بۆ ماوه‌یه‌کی درێژ به نه‌ناسراوی بمێنێته‌وه؟).
وتاره‌که له سه‌ر رۆمانی (دواهه‌مین هه‌ناری دونیا Der letzte Granatapfel) یه، که به‌م نزیکانه بڵاوکراوه‌ته‌وه، له لایه‌ن (شتیڤان ڤایدنه‌ر)ه‌وه نوسراوه، شایه‌نی باسه ناوبراو رۆژهه‌ڵاتناس و ره‌خنه‌گریی ئه‌ده‌بی و نوسه‌رێکی ناسراوه.
نوسه‌ری وتاره‌که سه‌ره‌تا ده‌نوسێت (بۆ یه‌که‌م جار رۆمانێکی کوردیی عێراقی به ئه‌ڵمانی چاپده‌کرێت، چ رۆمانێک! دواهه‌مین هه‌ناری دونیای به‌ختیار عه‌لی که وه‌ک ده‌هۆڵ ده‌نگی دایه‌وه). ناوبراو ئاماژه به‌وه ده‌کات، که ئه‌م رۆمانه ١٣ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر به کوردی بڵاوکراوه‌ته‌وه.
نوسه‌ر وه‌سفێکی بێ هاوتای رۆمانه‌که ده‌کات، لێره‌و له‌وێش چه‌ند بڕگه و رسته‌یه‌کی لێ هه‌ڵده‌بژێرێت و سه‌رسامی خۆی به رۆنان و فه‌نتازیا و ئاستی به‌رزی ئه‌ده‌بیی ده‌رده‌بڕێت. کورته‌یه‌ك باسی ناوه‌ڕۆکی رۆمانه‌که و که‌سایه‌تی موزه‌فه‌ری سوبحده‌م ده‌کات. که به باسی خه‌بات دژ به سه‌ددام و بۆمبابارانی گازی ژه‌هراوی و تا ده‌گاته شه‌ڕی ناوخۆی باشور‌و ...هتد.
له کۆتایی وتاره‌که‌یدا ده‌پرسێت (چۆن توانراوه تا ئێستا کتێبێکی وا، نوسه‌رێکی وا لای ئێمه به نه‌ناسراوی بمێنێته‌وه؟) هه‌ر خۆشی دوو هۆکار ده‌هێنێته‌وه، یه‌که‌میان: کوردیزانی باش نییه، تا رۆمانی وا وه‌ربگێرێت. دووه‌م: به‌ختیار عه‌لی هه‌رچه‌نده ئه‌ستێره‌یه‌کی ئه‌ده‌بییه به‌ڵام له‌و که‌سانه نییه خۆی ده‌ربخات، به‌ڵکو له ماڵه‌وه داده‌نیشێت و بۆخۆی خه‌ریکی نوسینه.
(به‌ڵام ئێمه ده‌بێت له‌مه‌ودوا زۆری لێ ببیستین و بخوێنینه‌وه) ئه‌وه دوا رسته‌ی وتاره درێژه‌که‌یه.
ماوه‌ته‌وه بڵێم، ئه‌م ڕۆمانه له لایه‌ن ئوته کانتێرالانگ و ڕاوێژ سه‌لیمه‌وه له کوردییه‌وه کراوه به ئه‌ڵمانی و له لایه‌ن ده‌زگای چاپه‌مه‌نی (Unionsverlag)ی سویسرییه‌وه پێش مانگێک چاپ و بڵاوکراوه‌ته‌وه. ٣٥٢ لاپه‌ڕه‌یه و نرخه‌که‌ی ٢٢ ئیۆرۆیه.
به ڕاستی به‌ختیار و رۆمانه‌کانی جێگای شانازی کوردن له هه‌نده‌ران و دڵنیام وه‌ک چۆن شێرکۆ بێکه‌س ناسراوترین شاعیری کورده لای بێگانان، ئاوا ئه‌میش له داهاتویه‌کی نزیکدا ده‌بێته ناسراوترین رۆماننوسی کورد له جیهاندا. هیوای پێشکه‌وتن و به‌رهه‌می زیاتر بۆ ناوبراو ده‌خوازم، به ئومێدی وه‌رگێرانی سه‌رجه‌م یان زۆرترین رۆمانه‌کانی بۆ سه‌ر زمانه زیندوه‌کانی جیهان.
ئا: هیوا ناسح