ئێران: لە شەڕێكدا لەگەڵ پاسداران ٥ گەریلای پژاك كوژراون

لە شەڕ و پێكدادانێكدا لەنێوان هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران و گەریلاكانی پژاكدا لە دەوروبەری شاری سەردەشتی رۆهەڵاتی كوردستان پێنج گەریلای پژاك كوژران.

محەمەد پاكپور فەرماندەی هێزە وشكانییەكانی پاسدارانی ئێران لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی فارس رایگەیاندوە، لە ئۆپەراسیۆنێكدا لە ویلایەتی ئازەربایجانی خۆرئاوا، پێنج ئەندامی سەر بە پژاك كوژراون.

پاكپور ئاماژەی بەوەشكردوە ئەو چەكدارانەی كوژراون، لە ماوەی مانگەكانی رابردوودا لە دەوروبەری سەردەشت لە نزیك سنووری عیراق ئەندازیارێك و دوو چەكداری هێزەكانی بەسیجی سەربە پارێزەرانی شۆڕش ـیان كوشتبو.
هاوكات پاكپور ئەوەشی خستۆتەڕو یەكێك لەو ئەندامانەی پژاك كە كوژراوە، بەرپرسی ناوچەی پژاك بووە.

ئەمەش لەكاتێكدایە تا ئێستا میدیاكانی پژاك  هیچ روونكردنەوەیەكیان لەسەر ئەم هەواڵە نەبووە.



PM:03:25:13/06/2016