کێ دەبێت بە سەرۆکی سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان‌و یەکێتی؟

پرسی سەرۆکایەتیکردنی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان گۆڕان و یەکێتی، لە کۆبوونەوەی دوێنیی یەکێتی و گۆڕان لە سلێمانی یەکلایی کراوەتەوە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بە سپی راگەیاند" دوێنێ ٦/١٤ لە یەکەم کۆبوونەوەی سەرکردایەتی هاوبەشی نێوان یەکێتی و گۆڕان پرسی سەرۆکی ئەو سەرکردایەتییە بڕیاری لەسەر دراوە".

بەپێی زانیارییەکانی سپی، نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لە کۆبوونەوەکەدا پێشنیاری کردووە کۆبوونەوەکە لەلای هەر لایەنێک لە یەکێتی یان گۆڕان ئەنجام بدرێت، ئەو لایەنە سەرکردایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.

سەرچاوەکەی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەوەشی ئاشکرا کرد کە لەکۆبوونەوەکەدا هیچ ئاماژەیەک بۆ ناوی کەس نەبراوە کە کێ سەرکردایەتی بکات، بەس بڕیار لەسەر ئەوە دراوە کە کۆبوونەوەکە لەلای هەلایەنێکیان بێت، کەسێکی ئەو لایەنە سەرکردایەتی کۆبوونەوەکە دەکات.

دوێنێ سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی یەکەم کۆبوونەوەی خۆیان لەبارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی بە نەوشیروان مستەفاو بەرهەم ساڵح و هێرۆ ئیبراهیمیشەوە ئەنجام داو راگەیاندراوێکی دیبلۆماسی نەرمیان لەدوای کۆبوونەوەکەیان بڵاوکردەوە.



PM:02:25:15/06/2016