ئوسترالیا پەیامێكی نوێ‌ ئاڕاستەی پەناخوازانی كورد دەكات


لەگەڵ بەردەوامی كەمپەینی پارتە سیاسییەكانی ئوسترالیا بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئەو وڵاتە كە بڕیارە لەسەرەتای مانگی داهاتوودا ئەنجامبدرێت، حكومەتی ئوسترالیا لەڕێگەی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیاوە پەیامێكی ڤیدیۆیی نوێ‌ ئاڕاستەی پەناخوازان دەكات و دووپاتی دەكاتەوە كە سیاستە توندەكانی ئوسترالیا لەبەرامبەر پەناخوازانی دەریایی قاچاخ نەگۆڕاوە.


ئەم پەیامەش دووهەمین راگەیەندراوی فەرمی حكومەتی ئوسترالیایە كە بەچەندین زمان و لەناویشیاندا زمانی كوردی بەمدوایانە بڵاوكراوتەوە سەبارەت بە یاساكانی كۆچی ئوسترالیا لەبەرامبەر هەر كەسێك كە بیەوێت بە قاچاخ و لەڕێگەی دەریاوە خۆی بگەیەنێتە ئەو وڵاتە.


ئەندرو بۆتڕێل فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی پاراستنی سنورەكانی ئوسترالیا لەو راگەیەندراوە ڤیدیۆیەدا دەڵێت: "هەر كەسێك بیەوێت بە بەلەم و بەشێوەیەكی نایاسایی خۆی بگەیەنێتە ئوسترالیا، ئەوا دەستگیردەكرێت و دیپۆرتی ئەو وڵاتە دەكرێتەوە كە بە بەلەمەكە لێوەی هاتووە".


وتەكانی ئەو فەرماندەیە هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی كەمپەینەكانی پارتە سیاسیەكانی ئەو وڵاتە بۆ هەڵبژاردنە پەرلەمانیەكەی ئوسترالیا كە بڕیارە لە 2 ی تەمموزی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت. هەرچەندە پرسی پەنابەرانیش وەك هەمیشە بابەتێكی گەرمی كەمپەینەكانی هەڵبژاردنی ئەو وڵاتەیە، بەڵام لە ئێستادا هەردوو پارتە سەرەكیەكەی ئوسترالیا كە ئەوانیش پارتی لیبڕاڵی ئوسترالیایە كە بەهاوبەشی لەگەڵ چەند پارتێكی تردا لەئێستادا حكومەتی هاوپەیمانی بەڕێوە دەبەن لەبەرامبەر پارتی كرێكارانی ئوسترالیا كە رابەرایەتی پارتە ئۆپۆزیسیۆنەكانی ئەو وڵاتە دەكات كۆكن لەسەرئەوەی دەبێت سیاسەتی گێڕانەوەی بەلەمی پەناخوازان بۆ ئەو وڵاتەی كە بەلەمەكەی لێوە هاتووە بەردەوام بێت، چونكە - بە وتەی ئەوان - ئەو سیاسەتە توانیوێتی كۆتایی بهێنێت بە كاری بازرگانیكردن بە پەناخوازانەوە.


ئەو سیاسەتە كە لە ئەیلولی ساڵی 2013 ەوە لەلایەن حكومەتی ئوسترالیاوە پیادە دەكرێت، بۆتە جێگەی نیگەرانی رێكخراوەكانی داكۆكیار لە مافی پەنابەران و بە پێشێلكاریەكی ئاشكرای مافەكانی ئەوانی لەقەڵەم دەدەن و تەنانەت خودی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانیش لەڕابردوودا داوای لە حكومەتی ئوسرالیا كرد چاو بە سیاسەتە توندەكانی لەبەرامبەر پەناخوازاندا بخشێنێتەوە.



PM:12:40:16/06/2016