زیاتر لە 10 ناوەند لە هەرێمی كوردستان هاوكاری دارایی داعشیان كردوە

بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی ئاشكرای دەكات ژمارەیەك ناوەند‌و كەسایەتی‌و دەزگای راگەیاندن یارمەتی دارایی‌و فكری گروپی داعشیان كردوە‌و لەئێستاشدا رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە.

لەمبارەیەوە مەریوان نەقشبەندی،  ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی هاوبەشی دیاری کردووە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بیری توندڕەوەی لە کوردستان، ئەو لێژنەیە لە نوێنەرەکانی وەزارەتی ئەوقاف، ڕۆشنبیری و ناوخۆ و پێشمەرگە پێک هاتووە، کە لە ساڵی 2014ەوە دەست بەکار بوون".

بەوتەی ئەو: لەهەر شوێنێکی کوردستان هەست بەوە بکرێت کە سەرچاوەیەکی فکری داعشی و توندڕەوی هەیە، جا ئەو سەرچاوەیە چ دارایی، میدیایی، یان ڕوشنبیری بێت، ئەوان بەدواداچوونی بۆ دەکەن و دایدەخەن و ڕووبەڕووی دادگایان دەکەینەوە.

 بەڕێوەبەری پەیوەندییەكان و پێكەوەژیانی ئایینی لە وەزارەتی ئەوقاف، ئەوەشی بۆ (باسنیوز) ئاشکرا کرد: "ئەو لێژنەیە ماوەیەكە بەدواداچوون بۆ ئەو رێكخراو و دەزگا میدیاییانە دەكات، كە بیرۆكەی توندڕەوی بڵاو دەكەنەوە و لە نێویشیاندا رادیۆ و تەلەفزیۆنی لۆكاڵی و بڵاوكراوەی نووسراو ھەن و لە دوو هەفتەی ڕابردوودا ھەندێك لەو دەزگایانە داخراون و ژمارەیەكیش رووبەڕووی دادگا كراونەتەوە". ئەوەشی ڕوون کردەوە کە لەھەر سێ پارێزگای ھەولێر و سلێمانی و دھۆك، ڕاگەیاندن یان ناوەند ھەبوونە كە داخراون، یان ڕەوانەی دادگا كراون.
 
لەبارەی ناوی ئەو ناوەندانەوە، وتی: "لەبەر ئەوەی ئەو دەزگایانەی کە بیری توندڕەوی بڵاو دەکەنەوە، ئێستا دراونەتە دادگا، ناتوانین ناوەکانیان ئاشکرا بکەین"، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئەو ناوەند و دەزگایانە سزای زۆر توندنیان بۆ دەردەکرێت، چونکە: "تێیان دایە کە پارەیان بۆ داعش کۆ کردووەتەوە".

 هاوکات ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر داوای وەزارەتی ئەوقاف، وەزارەتی ناوخۆ زیاتر لە 10 "ناوەندی بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی” داخستووە و "بەرپرسەکانیشیان ڕووبەڕووی دادگا کراونەتەوە”. جگە لەوەی چەندین مامۆستای ئایینی لە وتارخوێنی مزگەوتەکان دوورخراونەتەوە.



PM:02:02:21/06/2016