بارزانی بۆ پرسی رێفراندۆم داوای کۆبوونەوە دەکات

بارزانی بۆ پرسی ریفراندۆم، سەرۆکایەتی هەرێم سەرپشک دەکات بۆ سازدانی کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکان.

لەو پەیامەدا بارزانی دەڵێت" لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی"

دەقی پەیامەکە

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان
هێز و لایەنە سیاسییە كوردستانییەكان
دۆخی ناوچەكە بە قۆناغێكی نوێدا تێدەپەڕێت و بە هەموو لێكدانەوەیەك گۆڕانكاریی گەورە لە ئارادان. گەلی كوردستان و ئەزموونەكەیشی لەبەردەم قۆناغێكی هەستیار و چارەنووسسازدایە، ناكرێت ئەو دەرفەتەی ئەم جارە بۆ گەلەكەمان هاتووەتەپێش، لەدەستی بدەین. ئەمڕۆ پێگەی گەلی كوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ئاسۆیەكی ڕوونی هەیە و، لە شەڕی تیرۆریش بە هەوڵ و كۆششی پێشمەرگە قارەمانەكان و لەسایەی خوێنی شەهیدانمان و بە خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و پشتیوانیی هاوپەیمانان، سەركەوتنی گەورە بەدەست هاتووە و تیرۆریستان تووشی شكستی گەورە هاتوون بەڵام مەترسییەكەیان هەر ماوە.
هاووڵاتیانی كوردستان
بۆ ئێمە لەم قۆناغەدا هیچ ئامانجێك لە مافی چارەنووس و سەربەخۆیی بەرزتر و پیرۆزتر نییە، ناشبێت ڕێگە بدەین ئەم پرسە چارەنووسسازە بكرێتە قوربانیی ناكۆكی و ململانێی نێوخۆیی، بۆیە داوا لە سەرجەم هێزە سیاسییە كوردستانییەكان دەكەم لە زووترین كاتدا ڕێوشوێنی پێویست بگرنەبەر بۆ دروستكردنی كۆدەنگیی نیشتیمانی لەسەر پرسی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی و هەنگاوی یەكەم ئەوەیە لەگەڵ بەغدا بكەوینە گفتوگۆی ڕاشكاوانە و برایانە.
بۆ ئەم مەبەستە بانگهێشتی هەموو هێز و لایەنەكان دەكەم كۆبوونەوەیەكی تایبەت بەم بابەتە ئەنجام بدەن بۆ بڕیاردان لەسەر هەنگاوەكانی داهاتوو و بۆ ئەوەیش دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێم پەیوەندی بە هەموو لایەكانەوە دەكات.
مسعود بارزانی
23ـی 6ـی 2016
 



PM:09:25:23/06/2016