پارێزگاری سلێمانی لە بەغدا بەدەستی بەتاڵ نەگەڕایەوە

پارێزگاری سلێمانی کە بە سەردانێکی فەرمی چووە بەغداو سێ رۆژی خایاند، بە چەند دەستکەوتێک لە بوارەکانی خزمەتگوزاریدا گەڕایەوە بۆ کوردستان.

سەرچاوەیەکی نزیک لە پارێزگاری سلێمانی بە سپی راگەیاند" لەو کۆبوونەوانەی پارێزگار لەگەڵ عەبادی و وەزیرەکانی عێراق سازیکرد، لە بواری نەوت و رێگاوبا و کارەباو پارەی جوتیاران کۆمەڵێک بەڵێن بە پارێزگاری سلێمانی دراوە".

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد ئەو پارە قەرزەی جوتیارانی کوردستان کە لەسەر حکومەتی عێراق کەڵەکە بووە، وا بڕیارە لە مانگی تەموز بدرێت بە جوتیارانی کوردستان و پشکی سلێمانی بەراستەوخۆ بنێردرێت بۆ سلێمانی بەبێ ئەوەی بنێردرێت بۆ هەولێر و لەوێوە بۆ سلێمانی بنێردرێتەوە".

سەبارەت بە دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاوڵاتیان، حکومەتی بەغدا بەڵێنی داوە زیاتر لە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی سپی ڕەوانەی سلێمانی بکات بۆ ئەوەی دابەشبکرێت بەسەر هاوڵاتیاندا.

حکومەتی بەغدا بڕیاری داوە پێنج هەزار تەن قیر بۆ چاککردنی رێگاو بانەکان بنێرێت بۆ پارێزگای سلێمانی، ساڵانی پێشوو هەر مانگێک بڕی ١٥٠ تەن قیری دەنارد، ئێستا بڕیاری داوە هەر پێنج هەزار تەنەکە بەیەکەوە بنێرێت.

لەبواری کارەبادا حکومەتی بەغدا بڕیاری داوە ٣٠٠ محاویلەی کارەبایی بنێرێت بۆ پارێزگای سلێمانی، ساڵی پار بەغدا تەنها ٢٠٠ محاویلەی نارد بۆ پارێزگای سلێمانی، ئەمساڵ زیادیکردووە.
 
سەرەتای ئەم هەفتەیە د. ئاسۆ فەرەیدون سەردانی بەغدای کردو لەگەڵ عەبادی سەرۆک وەزیران و پێنج وەزیرو چەند سەرکردەیەکی لایەنە سیاسیەکان کۆبووەوە.

سەردانەکەی پارێزگای سلێمانی بۆ بەغدا بە ئاگاداری جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم قوباد تاڵەبانی بووە.
   



PM:10:55:23/06/2016