لەهێرشێکدا بۆ سەر رووداو پێنج کەس بریندار بوون

لە هێرشێکی بۆمبی بۆ سەر تەلەفزیۆنی رووداو کە خۆیان بە " تیرۆریستی" ناوزدەی دەکەن پێنج کەس لە ستاڤ و پاسەوانی تەلفزیۆنەکە بریندار بوون.

تۆڕی میدیا رووداو بڵاویکردەوە " كاژێری 12:05 ی شەوی 25ی حوزەیرانی 2016 ، هێرشكرایە سەر باڵەخانەی سەرەكی تۆڕی میدیایی رووداو . هێرشەكە لە رێگەی ئاراستەكردنی نارنجۆكێكەوە بوو بۆ سەر باڵەخانەی رووداو لەسەر شەقامی سەرەكی رووناكی لە شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان" . 

هەروەها تەلەفزیۆنەکە دەڵێت" لە ئەنجامی ئەو هێرشە تیرۆریستییەدا كارمەندێكی بەشی پەیوەندییەكان ، شۆفێرێك و سێ پاسەوانی تۆڕی میدیایی رووداو برینداربوون ، بەڵام خۆشبەختانە برینەكانیان سەخت نییە . هەروەها زیان بە دوو ئۆتۆمبێلی گواستنەوەی راستەوخۆی تۆڕی میدیایی رووداو گەیشت". 

رووداو جگە لە سوپاسی بەدواداچوونی ئاسایش و پۆلیس و دەزگا ئەمنییەكانی كوردستان، داوادەكەن ئەو دەزگایانە هەوڵبدەن بە زووترین كات "ئەنجامدەرانی ئەو هێرشە و پلانداڕێژەرانی بدۆزنەوە" .



AM:09:57:25/06/2016