شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: سنوری باشور لەلایەن پارتییەوە داخراوە

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد رایدەگەیەنێت”سنوری باشور لەلایەن پارتیەوە بەسەر هاوسەرۆكی (پەیەدە) داخرا و نەیان هێشت كە بێتە هەرێم و لەوێوە بگاتە ئیتاڵیا”، بۆئەوەی كە ئازارو فرمێسك و ئازایەتی و لەخۆبردن و داواكاری رۆژئاوا نەگەیەنێتە دەرەوە.

شاناز ئیبراهیم ئەحمەد بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە بەریتانیا، لەنوسینێكیدا كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە فەیسبووك بڵاویكردۆتەوە بەناونیشانی (دەنگی من دەنگی ئەوان دەبێت!!)، رایدەگەیەنێت كە بڕیار بووە لەگەڵ گوڵتان كشاناك هاوسەرۆكی شارەوانی ئامەد و ئاسیا عەبدوڵڵا هاوسەرۆكی پارتی یەكێتی دیموكرات (پەیەدە) لەخۆرئاوای كوردستان بەشداری چەند كۆبوونەوەیەك بكەن لە ئیتاڵیا، بەڵام رێگە بەهیچ كامیان نەدرا كە بەشداری لەو كۆبونەوانەدا بكەن

لەبەشێكی دیكەی نوسینەكەیدا رایدەگەیەنێت "جێی شەرمەزارییە كە ئاسیا خان سنوری باشوری لەلایەن پارتیەوە بەسەردا داخرا و نەیان هێشت كە بێتە هەرێم و لەوێوە بگاتە ئیتاڵیا، تەنیا بۆئەوەی كە ئازارو فرمێسك و ئازایەتی و لەخۆبردن و داواكاری رۆژئاوا نەگەیێنێتە دەرەوە

لەوەڵامی ئەو رێگرییەی پارتیش دەڵێت: زۆر هەڵەن ئەوانەی كە وا ئەزانن بەرێگریكردن لەئاسیاكان ئەتوانن دەنگی گەل كپ بكەن، دەنگی ئێمە دەنگی ئەوانە، ئازاری ئەوان ئازاری ئێمەیە، خەمی ئێمە خەمی ئەوانە و خەمی ئەوانیش خەمی ئێمەیە
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، هەر لەو بارەیەوە نووسیویەتی: با سەرۆكی پەرلەمان و ئاسیاكان و گۆلتانەكان رێگریان لێ بكرێت، با سنورەكان دابخرێن، با ئاسیا و گۆڵتان بەشداری نەكەن، بەڵام دڵنیایان ئەكەمەوە كە دەنگی من دەنگی ئەوان دەبێت



PM:01:36:27/06/2016