یەکێتی و گۆڕان هاوپەیمانی "هیوا"یان راگەیاند

هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هاوپەیمانی هیوایان لە‌و ئەنجومەنە راگەیاند‌و لیژنەیەکی شەش کەسیشیان پێکهێنا.

ئەمڕۆ یەکشەممە هەردوو فراکسیۆنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی کۆبونەوە و لە پاش کۆبونەوەکەش سەرۆکی هەردوو فراکسیۆنەکە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان پێکهێنا.

رێکەوت زەکی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند '' لەنێوان هەردوو فراکسیۆنەکەدا (هاوپەیمانی هیوا) پێکهێنرا و لیژنەیەکی شەش کەسی لەهەردوو فراکسیۆنەکە دروستکرا بەمەبەستی ئامادەکردنی رەشنوسێک و لە ئێستادا ئەو رەشنوسە لە پەڕاوی کۆتاییدایە بۆ نوسینەوەی پەیڕەوی هاوپەیمانێتییەکە''.

ئاماژەی بەوەشکرد، رۆژی سێ شەممەی ئەم هەفتەیە وێنەی رەشنوسەکە دەدرێتە ئەندامانی هەردوو فراکسیۆن و دواتر دەدرێتە دەست سەرکردایەتی هاوبەشی یەکێتی و گۆڕان، بەجۆرێک کە هاوپەیمانێتییەکە سەرۆک و جێگر و یارمەتیدەرێکی دەبێت.

زەکی وتیشی'' هاوپەیمانیەکە ناوی (هاوپەیمانی هیوا)یه‌، ئەوەی ئێمە پێشنیازمان کردووە، پێشنیازان بۆ سەرکردایەتیە هاوبەشەکەش کردووە ناوەکەش بۆ هەر چوار پارێزگاکە بێت، ئەگەر پارێزگاکانی تریش پێیان خۆشبێت و بە پێی تایبەتمەندی خۆیان ناوێک دابنێن، دوا بڕیار لای سەرکردایەتی هاوبەشە.''

لەبارەی سەرکردایەتیکردنی هاوپەیمانێتییەکە، ئەنوەر تاهیر سەرۆکی فراکسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ووتی '' لە هەریەکە لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و دهۆک، لە هەر شوێنێک هه‌ر فراکسیۆنێک زۆرینەبوو، ئەوا ئەو فراکسیۆنە سەرکردایەتی فراکسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌که‌ ده‌کات و فراکسیۆنەکەی تر ببێت بە جێگیر و بڕیاردەر.

ئاماژەی بەوەشدا  لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی نامێنێت لە ژێر ناوی (هاوپەیمانی نوێ) کاری نوێمان دەبێت.



PM:02:45:10/07/2016