ڤیان دەخیل لە ئیستەنبوڵ گیری خواردوە‌و ناتوانێت بگەڕێتەوە

ژنە پەرلەمانتاری كوردی ئێزیدی، ڤیان دەخیل لەگەڵ چەند هاوڵاتی كورد‌و عێراقی لە فرۆكەخانەی ئیستانبول گیریان خواردوە‌و ناتوانن بگەڕێنەوە.

لەمبارەوە ڤیان دەخیل، بە ماڵپەڕی باسنیوزی راگەیاند، کە لەگەڵ ژمارەیەک هاووڵاتیی کورد و عێراقی، لە فڕۆکەخانەی ئیستەنبوڵ گیری خواردووە و بەهۆی نەبوونی گەشتی ئاسمانی، ناتوانێ بگەڕێتەوە وڵات.

ڤیان دەخیل ئاماژەی بەوەش دا، کە ئەو نەشتەرگەری بۆ کراوە و باری تەندروستی خراپە.

هاوكات ئەمرۆ شەممە عەبدولحوسێن عەبتان، وەزیری گواستنەوەی عێراقی بە وەکالەت لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، کە وەزارەتەکەی چەند فڕۆکەیەکی ناردووەتە تورکیا، بۆ هێنانەوەی ڤیان دەخیل و ئەو هاووڵاتییە عێراقییانەی بەهۆی رووداوەکانی شەوی رابردووە، ناتوانن لە شوێنی خۆیان جووڵە بکەن و بگەڕێنەوە.

عەبدولحوسێن عەبتان ئاماژەی بەوەش داوە، کە فڕۆکەکان لە فڕۆکەخانەی بەغداوە بەڕێکەوتوون بۆ فڕۆکەخانەکانی ئەنتاڵیا و ئیستەنبوڵ، بۆ هێنانەوەی ئەو عێراقییانە بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانیشەوە.



PM:12:42:16/07/2016