دەستەی مافی مرۆڤ: كوشتنی گەنجەكەی كەركوك، پێشیلكارییەكی زەقی مافەكانی مرۆڤە

دوای ئەوەی لە چەند رۆژی رابردوودا هەواڵی كوشتنی گەنجێكی شاری كەركووك بڵاو كرایەوە كە جگە لەوەی كوژراوە، ئەشكەنجەیش دراوە، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ ڕایگەیاند، ئەو رووداوە نیگەرانی لای هەموو خەڵك دروست كرد و پێشیلكارییەكی زەقی مافی مرۆڤیشە.

دەستەی ناوبراو لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕوونی كردووەتەوە: "دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی ئەرك و كاری خۆی لە یەكەم ساتی رووداوەكەوە چاودێریی كەیسەكەی كرد لە قۆناغەكانی پزیشكی دادوەرییەوە تا لیكۆڵینەوەكان، چونكە دەستەی مافی مرۆڤ پێی وایە ئەوەی بەرامبەر ئەو هاووڵاتییە كراوە، جگە لەوەی كوشتنەكەی تاوانێكی گەورەیە، بەڵام شیوازی كوشتنەكەی و رووداوەكەیش كە بریتی بووە لە ئەشكەنجەدان و لێدان، دوورە لە هەموو بەهاو پرەنسیپێكی مافی مرۆڤ و پێوەرە نیودەوڵەتییەكان و بەها مرۆییەكان".

دەستەكە ئاماژەی بەوەش داوە: "بۆیە ئێمە وێڕای ئەوەی ئیدانەی ئەشكەنجەدان و كوشتنی ئەو هاووڵاتیە دەكەین و بە كاریكی قیزەون لە قەڵەمی دەدەین، نیگەرانیی خۆیشمان بۆ رووداوەكە و تاوانەكە رادەگەیەنین".

لە ڕاگەیەندراوەكەدا ئەوەیش خراوەتە ڕوو: "بەردەوام دەبین لە چاودێری و بەدواداچوون لە كەیسەكە و چاوەرَێی دەرنجامی بەدواداچوون و بڕیاری لیژنەكان و لیكۆڵینەوەكان دەكەین كە لەلایەن دامودەزگا و لایەنە جیاوازەكانەوە پێك هێنراون و، پیویستیشە هەرچی زووە تاوانباران بدۆزرینەوە و بدرێنە دادگا و بە سزای خۆیان بگەن و بۆ رای گشتی بڵاو بكرێتەوە".

هەروەها داوایش لە دەزگا ئەمنییەكان و بەرپرسانی شارەكە دەكات، لە پێناو گەیشتن و دۆزینەوەی تاوانبارانی كەیسەكە و رادەستكردنی بۆ دادگا و رێچكە یاساییەكەی، هەموو هەوڵێكی خۆیان بخەنە گەڕ و هەماهەنگ بن، بۆ ئەوەی تاوانباران بە سزای خۆیان بگەن لە دادگا و حوكمی خۆیان وەربگرن".


ئومێد بابان

[email protected]



PM:03:32:25/07/2016