یه‌كێتی پیرۆزبایی له‌ گۆڕان ده‌كات

به‌بۆنه‌ی 7ـه‌مین ساڵیادی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه‌، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پیرۆزبایینامه‌یه‌ك ئاڕاسته‌ی ئه‌و بزوتنه‌وه‌یه‌ ده‌كات.

لەو بروسکە پیرۆزباییەی یەکێتیدا هاتووە '' وەكو یەكێتی‌ كە لەگەڵ بزوتنەوەی‌ گۆڕان پێشینەی‌ تێكۆشانی‌ هاوبەشیان لە شۆڕشی‌ نوێی‌ گەلی‌ كورد هەیە".

دەقی بروسکە پیرۆزباییەکە:

به‌ڕێز كاك نه‌وشیروان مسته‌فا
رێكخه‌ری گشتیی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

به‌ڕێزان هه‌ڵسوڕاوان و تێكۆشه‌رانی ریزه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان

به‌ سڵاوێكی گه‌رمه‌وه‌ پیرۆزبایی (7)ـه‌مین ساڵه‌ی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌كه‌تان لێ ده‌كه‌ین كه‌ له‌ماوه‌ی چه‌ند ساڵی رابردووی پێكهاتنیدا بوو به‌یه‌كێك له‌ هێزه‌ سه‌نگینه‌كانی هاوكێشه‌ سیاسیی و دیموكراتییه‌كانی كوردستان.

وه‌كو یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان كه‌ له‌گه‌ڵ ئێوه‌دا پێشینه‌ی تێكۆشانی هاوبه‌شمان له‌ شۆڕشی نوێی گه‌له‌كه‌ماندا هه‌یه‌، ئێستاش له‌قۆناغی رێكه‌وتنی سیاسیی ده‌باشان كه‌ رۆژی (17/5/2016) له‌حزووری سه‌رۆك مام جه‌لال-دا ئیمزاكرا، به‌سوود وه‌رگرتن له‌ره‌وتی خه‌باتی هاوبه‌ش و ئه‌زموونی ململانێی دیموكراتی چه‌ند ساڵی رابردوومان، ئومێدمان وایه‌ پێكه‌وه‌ له‌قازانجی داهاتووی پرشنگداری گه‌له‌كه‌شمان به‌ره‌و مافی چاره‌نووس و په‌ره‌پێدانی زیاتری دیموكراسی و حوكمڕانیی ژیرو تێپه‌ڕاندنی ئاسته‌نگه‌كانی به‌رده‌م گوزه‌رانی خه‌ڵك و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، كۆششی هاوبه‌شمان درێژه‌ پێبده‌ین.

پیرۆزه‌ یادی دامه‌زراندنی بزووتنه‌وه‌كه‌تان و پیرۆزه‌ رێكه‌وتن و پێكهاتنه‌وه‌مان.

مه‌كته‌بی سیاسیی
یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان
سلێمانی- 25/7/2016



PM:05:02:25/07/2016