هەولێر.. ژنێک لە کوڕێک دوگیان بوو کوڕێکی دیکەی تۆمەتبار کرد


بەڕێوبەری توندوتیژی دژی ژنان باس لە ژنێک دەکات کە کوڕێکی بە تۆمەتی دوو گیانکردنی دابوو بە دادگا و دواتر دەرکەوتبوو لە کوڕێکی دیکە دوگیان بووە.


ژیلەمۆ عەبدولقادر لە وتارێکدا نوسیویەتی "ئافرەتێك سەردانی كردین، راپۆرتێكی پزیشكی و چەند وێنەی كوڕێكی پێبوو، بەپێی راپۆرتە پزیشكییەكە ئافرەتەكە دووگیان بوو، سكەكەشی چوار مانگ بوو، وێنەكانیش بە گوتەی خۆی وێنەی ئەو كوڕە بوون كە لێی دووگیان بووە".


بەڕێوبەری توندوتیژی دژی ژنان هەروەها نوسیویەتی "داوا لە ئافرەتەكە كرا بەسەرهاتی خۆی بگێڕێتەوە. ئەویش گوتی "ئەو كوڕە دەبینن لە وێنەكاندا لەگەڵ منە، پەیوەندی خۆشەویستی لە نێوانماندا هەبوو. چەند جارێك بە یەكەوە چووینە دەرەوە، وێنەمان گرتووە، نامەمان گۆڕیوەتەوە. من متمانەی تەواوم پێی هەبوو كە ئەو دەبێتە هاوژینی داهاتووم، بۆیە جەستەی خۆمم پێشكەش كرد، رۆژێكیان لەگەڵم جووت بوو، دواتر بەرەبەرە لێم دووركەوتەوە. پێمگوت بمخوازە، بەڵام رەتیكردەوە. رۆژێكیان تەندروستیم تێكچوو، كە سەردانی پزیشكم كرد گوتیان دووگیانی، كە گوێم لەو قسەیە بوو تووشی شۆك بووم. ئێستا ناوێرم بگەڕێمەوە ماڵەوە چونكە سكەكەم بەرە بەرە بەرز دەبێتەوە و خێزانەكەم هەستی پێدەكەن".


هەر لەو وتارەدا ئامژە بەوە کراوە کە دۆسییەکە ڕەوانەی بەردەم دادوەری لێکۆڵینەوە کراوە و نوسیویەتی "دادوەر بڕیاری دا گەنجەكە بەپێی ماددە 395 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر بكرێ‌. ئەو ماددەیە دەڵێت "هەر یەكێك بەڵێن بە كچێك بدات (كچەكە 18 ساڵی تەواوكردبێ‌) بیكاتە هاوژینی خۆی و لەگەڵی جووت ببێ‌، بەڵام دواتر پەشیمان ببێتەوە، بە حەپسكردن سزا دەدرێت".


ژیلەمۆ عەبدولقادر هەروەها نوسیویەتی "كوڕەكە لە لێكۆڵینەوەدا نەیشاردەوە كە پەیوەندی لەگەڵ ئەو كچە هەبووە و دواتریش داوای لە كچەكە كردووە كۆتایی بە پەیوەندییەكەیان بهێنن و وێنە و نامەكان لەنێو ببات، بەس كچەكە زوو زوو هەڕەشەی لێكردووە كە ئەگەر نەیخوازێت سكاڵای لەسەر تۆمار دەكات، بەڵام بەهەموو شێوەیەك رەتیكردەوە كە لەگەڵ ئەو كچە جووت بووبێ‌. بۆیە كچەكە رەوانەی ماڵی داڵدەدانی ژنان كرا، كوڕەكەش زیندانی كرا، تا ئەو كاتەی ئافرەتەكە منداڵەكەی بوو. دواتر لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی بەڵگە و تاوانەوە، پشكنینی DNA بۆ منداڵەكە و گەنجەكە كرا، دەركەوت منداڵەكە لەو گەنجە نییە، بۆیە دادگا یەكسەر گەنجەكەی ئازاد كرد".


لە کۆتایی وتارەکەشدا کە بۆ ڕووداوی نوسیوە، بەڕێوەبەری توندوتیژی دژی ژنان لە هەولێر دەڵێت "بەڵام كێ‌ قەرەبووی ماددی و مەعنەویی ئەم كوڕە دەكاتەوە؟ بێگومان یاسا. یاسای ژمارە 10ی ساڵی 2010 كە لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە بەنێوی (یاسای قەرەبووكردنەوەی راگیراوان و حوكمدراوان لەكاتی بێ تاوان دەرچوونیان)، لە ماددەی دووەمیدا دەڵێت: "هەركەسێك بە ناڕەوا گلدرایەوە یان گیرا، یان ماوەی گیرانەكەی لە رادەی یاسایی رەتبووبێ‌، یان بە سزایەكی وا حوكمدرابێ‌ كە ئازادیی لێ‌ سەندبێتەوە لەلایەن لایەنە دادوەریە تایبەتییەكانەوە بەبێ‌ بەڵگەی یاسایی، لە دواییدا بڕیارێك بە رەتكردنەوەی سكاڵاكەی یان ئازادكردنەكەی دەرچووبێ‌، داواكارییەكەی داخرا یاخود بەبێ‌ تاوان حوكمدرا و بڕیارەكەش رادەی (بنەبڕ) بەپێی یاسا جێبەجێكراوەكان وەربگرێت، ئەوا ئەو كەسە بۆی هەیە داوای قەرەبووی ماددی و مەعنەوی ئەو زەرەر و زیانانەی بكات كە لە ئەنجامی گرتن و حوكمدانی پێیكەوتووە"".



PM:04:39:02/08/2016