" پارتی هەنگاوێک لە گۆڕان دێتە پێشەوە"
سپی زانیاری بڵاودەکاتەوە

پارتی دیموکراتی کوردستان لەدوا کۆبوونەوەی مەکتەبی سیای خۆیاندا بڕیاریان داوە دەستبەرداری هەندێک سیاسەتی خۆیان بن و گۆڕانکاری لە تێڕوانیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان هەرێمی کوردستان بکەن.

بەپێی زانیارییەکانی سپی لەو کۆبوونەوەیەی ٧/٣١ کە لەپیرمام بەئامادەبوونی بارزانی سازکراو تایبەت بووە بە هەوڵەکانی فواد حسێن بۆ چارەسەرکردنی بارودۆخی سیاسی و سەردانەکەی بۆ سلێمانی، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەو حیزبە بڕیاری داوە کە سازش لەسەر ئەوە بکات کە سیستەمەکە سەرۆکایەتی بێت و رەزامەندنی پێشانداوە کە سیستەمەکە بگۆڕدرێت بۆ پەرلەمانی.

سپی لەسەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوی نزیک مەکتەبی سیاسی پارتیەوە لەهەولێرەوە زانیویەتی کە پارتی سازش کردنی لەسەر گۆڕینی سیستەمی سەرۆکایەتیی بۆ پەرلەمانی، مەرجە بە مانەوەی بارزانی تا کۆتایی ئەم خوولەی ئێستا پەرلەمان بەهەمان ئەو دەسەڵاتەی کە هەیەتی، بەڵام پارتی رەزامەندی پێشان دەدات لە خوولی نوێی پەرلەمانەوە سەرۆکی هەرێم لە پەرلەمانەوە هەڵبژێردرێت.

بەپێی زانیاریەکانی سپی، ئەگەری زۆر لە ئارادایە دوای تەوابوونی ئەم خوولە مەسعود بارزانی خۆی هەڵنەبژێرێتەوە بۆ سەرۆکی هەرێم، هەر بۆیە ئەم ساڵ و چەند مانگەی ماویەتی لەم خوولە دەیەوێت بەهەمان دەسەڵاتی ئێستای سەرۆکەوە بەردەوام بێت.

لەسەر چۆنێتی گۆڕانکاری لە سەرۆکایەتی پەرلەماندا، یان مانەوەی ئەو سەرۆکایەتییەی ئێستا تا یاسایەک دەردەکات بۆ گۆڕینی سیستەمەکە، تا ئێستا ئەو پرسەو گەڕانەوەی وەزیرەکانی گۆڕان یەکلایی نەبۆتەوەو جێهڵراوە بۆ هاتنەوەی فواد حسێن بۆ سلێمانی و دەستکردنەوە بە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان و سەرکردەکانی یەکێتی.
هەرچەندە پارتی تا ئێستا لە هەموو لێدوانەکانیدا سووربوونی خۆی لەسەر گۆڕینی یوسف مەحەمەد سەرۆکی ئێستای پەرلەمان دووپاتکردۆتەوە.

وا بڕیاریشە ئەمڕۆ و سبەی سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێم، فواد حسێن سەرلەنوێ سەردانی سلێمانی بکات و دەستبکاتەوە بە دانوستانەکانی.    



PM:12:40:03/08/2016