بەپەلە.. بەرپرسێکی پاراستن (پارتی) دەستگیر کرا

بەرپرسێکی ئەمنی پارتی (دەزگای پاراستن) کە تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات لە بەردەم لقی چواردا دەستگیر کرا و پارتی فشار لە یەکێتی دەکات بۆ ئازادکردنی.


سەرچاوەیەکی ئاگادار بە سپی ڕاگەیاند  ئەفسەرێکی پایەبەرزی پارتی (پاراستن) کە لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە لە لایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیرکراوە کە تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات.

سەرچاوەکەی ڕایگەیاند لە ئێستادا پارتی دیموکراتی کوردستان فشار لە یەکێتی دەکەن تا ئەو کەسە ئازاد بکەن، بەڵام تا ئێستا یەکێتی ئامادەنییە بچێتە ژێر بارەوە و ڕادەستی پارتی بکاتەوە.

هەر بە گوێرەی زانیارییەکانی سپی ئەو کەسە ناوی (ح) ئەفسەرێکی پلە بەرزە و لە ئێستادا لە بنکەی پۆلیسی سەرا زیندانییە و پۆلیس لە لێکۆڵینەوەی خۆی بەردەوامە.

لە مانگی ڕابردووشدا کەسێک کە تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن و کێشانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، کە ئەویش تۆمەتبارە بەوەی کە تەقەی لە خۆپیشاندەرانیی ١٧ی شوبات کردووە.
خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر بووە هۆی شەهیدبوونی ١٠ کەس کە هەشتیان مەدەنی و دوانیان پۆلیس بوون و زیاتر لە٧٠٠ کەسیش بەشێوەی جۆراوجۆر بریندار بوون و خۆپیشاندانەکانیش ٦٣ ڕۆژی خایەند.





AM:10:05:09/08/2016