پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبەرەکەی ١٧ شوبات بە کاتی ئازادکرا

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند، ئەوکەسەی بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ شوبات لە بەردەم لقی چواردا دەستگیرکرابوو، دوای یەک شەو بە کاتی ئازادکرا.

سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە سپی ڕایگەیاند ڕۆژی حەوتی مانگ بەهۆی دەمەقاڵەیەکەوە ئەو پیاوە لە لایەن پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیرکراوە و ئەوانەی کە داواکەیان تۆمارکردووە وتویانە کە ئەم کەسە یەکیک بووە لە تەقەکەرەکانی ١٧ی شوبات و بەو هۆیەشەوە پۆلیس دەستگیریکردووە و دواتر ڕەوانەی پۆلیسی سەرا کراوە بۆ لێکۆڵینەوە .

وتیشی ”ڕۆژی هەشتی مانگ ئەو کەسە براوەتە بەردەم ئەو لیژنە دادوەرییەی کە سێ دادوەری تێدایە بۆ بەدواداچوونی دۆسییەی ١٧ی ڕۆژانی دوایی دروستکراوە و لیژنەکە ڤیدیۆییەکیان پیشانی تۆمەتبارەکە داوە و بۆ دادوەرەکان دەرکەوتووە لەو گرتە ڤیدیۆییەدا ئەو چەکی پێ نەبووە و تەقە کەریش نەبووە بۆیە دادوەرەکان بڕیار دەدەن بە شیوەی کاتی ئازادی بکەن".

ئەمڕۆ سپی بڵاویکردەوە ئەفسەرێکی پایەبەرزی پارتی (پاراستن) کە عەقیدە و لە ئەوروپا گەڕاوەتەوە لە لایەن بنکەی پۆلیسی سەرچنارەوە دەستگیرکراوە کە تۆمەتبارە بە تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی ١٧ی شوبات.


لە مانگی ڕابردووشدا کەسێک کە تێوەگلاوە لە بازرگانیکردن و کێشانی مادەی هۆشبەر دەستگیرکرا، کە ئەویش تۆمەتبارە بەوەی کە تەقەی لە خۆپیشاندەرانیی ١٧ی شوبات کردووە.
خۆپیشاندانەکانی ١٧ شوبات و ڕۆژانی دواتر بووە هۆی شەهیدبوونی ١٠ کەس کە هەشتیان مەدەنی و دوانیان پۆلیس بوون و زیاتر لە٧٠٠ کەسیش بەشێوەی جۆراوجۆر بریندار بوون و خۆپیشاندانەکانیش ٦٣ ڕۆژی خایەند.



AM:11:38:09/08/2016