یەکێتی و یەکگرتوو وەڵامی بەرپرسی میدیای گۆڕان دەدەنەوە

لەسەر وتارێکی کە ڕەخنەی لە هەوڵەکانی فوئاد حسێن گرتبوو، یەکێتی و یەکگرتوو وەڵام عەبدولڕەزاق شەریف بەرپرسی میدیای گۆڕان دەداتەوە.

سەعدی پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە وتارەکەی عەبدولڕەزاق شەریف ڕایگەیاند " ئەو جۆرە گوتارانە خزمەت بە پڕۆسەی ئاشتی پێكەوەیی ناكەن‌و هەنگاوەكانی نزیكبوونەوەی ئەم دواییەی لایەنەكان پێچەوانە دەكەنەوە بە ئاراستەی نەرێنیان دەبەن".

هاوکات ئەبوبەکر هەڵەدنی ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو ڕایگەیاند "لەو نووسینە پڕ ناحەقییەدا یەكگرتوو بەلقی یەكی بادینانی پارتی ناوزەد دەكات،من لەكاك عبدلرزاق دەپرسم ئەوە كێیە بیست و پێنج ساڵ بەرگەی بێبەشی و پەراوێزخستن و ئەودۆزەخەی گرتووە كە پارتی لەبادینان دایخستووە جگە لەئەندامە مەبدەئییەكانی یەكگرتوو".

ناوبراو نوسیویەتی "بە چ حەقێک تۆ ئەندامە پاڵەوانەکانی بادینانی یەکگرتوو بە پارتی ناو دەبەی، بڕۆ خۆت ساڵێک لە بادینان دابنیشە ئینجا بۆت دەردەکەوێت یەکگرتوو موعجیزەی سیاسەتی خوڵقاندووە، چاک لەبیرتە لە سەرووبەندی هەڵبژاردنەکان کە ئەوکاتە تۆ یەکێتی بووی کاندیدەکانی گۆڕان، یان کشانەوە لە بادینان، یان لەسلێمانی هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەڕێوەبرد، کورد وتەنی ماڵی خۆت لە شووشە بێت بەرد لە ماڵی خەڵـک مەگرە".

ئەمڕۆ عەبدولرەزاق شەریف بەرپرسی میدیای گۆڕان لە وتارێکدا فوئاد حسێن بە "پیری ئاخرشەڕ" ناوبرد.

لە میانی وتارێکیدا کە بە ناونیشانی "پیری ئاخرشەڕ" نوسیویەتی بە ناوی خۆیەوە نەک بەرپرسی میدیای گۆڕان، عەبدولرەزاق شەریف نوسیویەتی "مونیر (مستەر) فوئاد دوای ساڵانێکی زۆری بەشداری ژیانی سیاسی ئەوروپا و بە بێلایەن ناساندنی خۆی لە ناوەندەکانی کاری سیاسی و ڕێکخراوەیدا، هاتووە و پێش لەشکرێکی جوق و مۆسیقای ڕاگەیاندنەکانی پارتی کەوتووە، ڕێدەکات و بانگەشەی خواستی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی سەرۆکەکەی دەچڕێ، کۆرسێکی کەڕو کوێری ناحاڵیش بەدەستوری ساڵانی زوو لە پشتییەوە دەڵێن، با سێ پۆستی سەرۆکایەتییەکەی پەرلەمان بگۆڕین".

سەبارەت بە پێشنیازێکی پارتی بۆ گۆڕینی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ناوبراو نوسیویەتی "یەک بۆ یەکگرتوویەکی لقی یەکی بادینان، یەک بۆ تورکومانێکی لقی دووی هەولێر، یەکێک بۆ مەسیحییەکی لقی سێی کەرکوک".

عەبدولرەزاق شەریف هەروەها نوسیویەتی "ئەوەی پارتی لەسەروەختی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمدا بە دەرکردنی تیمی وزاری بزووتنەوەی گۆڕان و سەرۆکی پەرلەمان و ڕۆژانی داوایی تێکدانی ڕیزەکانی حزبە کوردستانی و ناوخۆی ئەوان نەی پێکاو پێی نەکرا، دوای ساڵێک نوێنەرەکەی بارزانی لە نێوان هەولێر و سلێمانیدا بە هەمان مەبەست گەڕ دەخوات".



PM:04:27:09/08/2016