پارتی بۆ لەگەڵ گۆڕان‌و یەکێتی پێکەوە کۆنابێتەوە؟

پارتی تا ئێستا رەزامەنی پێشان نەداوە، سەرکردایەتی هاوبەشی گۆڕان و یەکێتی بەیەکەوە ببینێت وسوورە لەسەر ئەو هەڵوێستەی، سپی زانیاری ورد لەسەر ئەو هەڵوێستەی پارتی بڵاودەکاتەوە.

لە دوا هەوڵی نوێنەری بارزانی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسیەکانی هەرێم، وەک سووربوونێک لەسەر هەڵوێستی خۆیان، فواد حسێن بەجیا لەگەڵ  نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی یەکێتی لە سلێمانی کۆبووەوە، سپی زانیویەتی ئەمە هەڵوێستی تایبەتی بارزانیی و پارتییە.

بەپێی زانیارییەکانی سپی بارزانی لە کۆبوونەوەکانی ئەم ماوەیەی دواییدا لەگەڵ حیزبی زەحمەتکێشان و حیزبی شیوعیدا باسی لەو پرسەش کردووە، بارزانی لە بەشێکی ئەو کۆبوونەوانە جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە ئەوان ئامادەنین هەرگیز لەگەڵ گۆڕان و یەکێتی پێکەوە کۆببنەوە.

سەبارەت بە هۆکارەکەی، بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە کردووە کەئەوان وەک پارتی پێیان خۆشە یەکێتی و گۆڕان یەکبگرنەوە، "بەڵام ناکرێت وەک یەک حیزب لەگەڵمان کۆببنەوەو کە داوای پۆست و ئیمتیازاتیش دەکەن، وەک دوو حیزب داوای بکەن".

یەکێتی و گۆڕان دوای راگەیاندنی رێککەوتنەکەیان لە ٥/١٧ دا بەدرێژایی ئەو ماوەیە چەندجارێکی سەرکردایەتی هاوبەش داوایان لە پارتی کرد بە هاوبەشی کۆبوونەوەیان لەگەڵدا بکەن، بەڵام پارتی رەتیکردەوە، لە کۆتایی مانگی رابردوو لە کۆبوونەوەی بارزانی بە جیا لەگەڵ ئەو دوو حیزبەدا، بارزانی ئەو هەڵوێستەی پارتی بۆ روونکردوونەتەوەو جەخت لەسەر ئەوە کرۆدتەوە کە ناکرێت ئەوان وەک حیزبێک مفەوەزات بەکەن، بەس وەک دوو حیزب داوای ئیمتیازات بکەن.    
 



PM:02:08:10/08/2016