"یەكێتی كۆشكێكی تاڵه‌بانی لە سلێمانی پێشكەشی نووری مالیكی دەكات"

ماڵپەڕی ڕۆژنامەی وشەی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستان بڵاوکردووەتەوە کە لەم سەردانەی دوایدا بۆ سلێمانی خانوویەکی تاڵەبانی بە دیاری وەرگرتووە.

بە گوێرەی ئەو ڕۆژنامەیە "بەگشتی ئەجێندای سەردانەكە لەلایەكەوە مالیكی دەخوازێ پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق وەربگرێتەوە و بۆ ئەوە پێوەندییەكانی لەگەڵ یەكێتی و گۆڕان پتەو كرد. لەلایەكی تریشەوە ئامانجی قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان لایەنەكانی كوردستان بووە، هاوكات ئاماژەی بە حزبەكانی سلێمانی دابوو كە "ئەگەر سلێمانی لە كوردستان جیا بكەنەوە و بەغدا مووچە و بودجەی سلێمانی دەنێرێت".
ئەو ڕۆژنامەیە ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە " بنەماڵەی تاڵەبانی لە سلێمانی، خانوویەكی گەورەیان پێشكەشی نووری مالیكی كردووە و كە پێشتر خانووەكە لەلایەن سكرتاریەتی جەلال تاڵەبانییەوە دروست كراوە، بەڵام تا ئێستە كەس نەچووەتە ناوییەوە، تا بوو بە موڵكی نووری مالیكی."

سەبارەت بە شوێنی خانووەکە نوسیویەتی "ئەو خانووە دەكەوێتە گەڕەكی "كازیوە"ی رۆژهەڵاتی سلێمانی و بەدووریی سێ كیلۆمەتر لە شەقامی بازنەیی مەلیك مەحموودەوە دوورە و دەكەوێتە بناری شاخی گۆیژە، بەهۆی فرەوانبوونی ئەو گەڕەكە، ئێستە ناوی كازیوە یەك بۆ گەڕەكە كۆنەكە و گەڕەكە نوێیەكەش بە كازیوە دوو ناو نراوە، ئەو خانووەی پێشكەشی نووری مالیكی كراوە، دەكەوێتە نێوان هەردوو گەڕەكەكە و بەنزینخانەیەك لە پشتیەوەیەتی و لەسەر رووبەڕێكی فرەواندا بە چوار نهۆم دروست كراوە".

سامان مەحموود جێگری سەرۆكی شارەوانیی سلێمانی بە ڕۆژنامەکەی ڕاگەیاندووە "ئەوان ئاگەداری تاپۆكردنی هیچ خانوویەك نین لە ناوشاری سلێمانی لەسەر ناوی نووری مالیكی."

پێشتریش لە خولی یەکەمی سەرۆکایەتی مالکیدا، ناوبراو لە شاری هەولێر زەوییەکی وەرگرتبوو.



PM:07:03:10/08/2016