پارتی هەڕەشە لە یەکێتی دەکات

ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی لەسەر دەستگیرکردنی دوو کادیریان هەڕەشە لە یەکێتی دەکات و دەڵێت "تکا دەکەم ناچاری هیچ کاردانەوەیەکمان نەکەن".

ئەدهەم بارزانی لە لێدوانێکیدا بۆ ڕووداو لەسەر دەستگیرکردنی ئەو کادیرانەیان دەڵێت :" هیوادارم نەگاتە ئەو ئاستەی پارتی کاردانەوەی هەبێت، چونکە جوگرافیای گەورەترمان بەدەستەوەیە و تکا دەکەم ناچاری هیچ کاردانەوەیەکمان نەکەن".

ناوبراو ڕاشیگەیاندووە" دەبێت لە کوردستان یاسا سەروەربێت، ئەو دەستگیرکردنانەی کادیرانی پارتی هیچ پەیوەندییەکیان بە 17ی شوباتەوە نییە، تەنها بۆ ترساندنی کادیرەکانە، بەوەش ناترسین".

لیوا فازڵ ئیبراهیم، بەرپرسی ئەمنیەتی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتیی راگەیاندووە "لە 48 کاژێری رابردوودا عەمیدی ئاسایش حەسەن قادر عەلی، لەکاتێکدا سەردانی یەکێک لە بنکەکانی پۆلیسی کردووە بۆ لای برازایەکی، بەشێوەیەکی چاوەڕواننەکراو بە تۆمەتی تەقەکردن لە خۆپیشاندەرانی17ی شوباتی2011 دەستگیرکراوە و دوای سەلماندنی تەقەنەکردنی ئازادکراوە، دواتر کادیرێکی پارتی بە ناوی (ئەیوب عوسمان) دەستگیرکراوە و تاوەکو ئێستا بە چەند تۆمەتی جیاواز تۆمەتبار کراوە".



PM:06:44:11/08/2016