ٍشاری منبەج بە تەواوی رزگار کرا

ئاژانسی هەوار رایگەیاند " کاتژمێر ٥ ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕ ٨/١٢ شاری منبەج بەتەواوی لەدەست چەکدارانی داعش ئازاد کرا.

ئاژانسی هەوار کە ئاژانسێکە گرنگی بە هەواڵەکانی رۆژئاوا دەدات و نزیکە لە پەیەدەوە، کەمێک پێش ئێستا رایگەیاند" تەواوی شاری منبەج لەدەستی چەکدارانی داعش ئازاد کرا".

ئاژانسەکە لە هەواڵێکی بە پەلەدا ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە دوای شەڕێکی ٧٣ رۆژە هێزەکانی سووریای دیموکراتی توانیان شاری ستراتیژی منبەج رزگار بکەن،

هەرچەندە بەیانی ئەمڕۆ شەڕڤان دەرویش وتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی منبەج ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێشتا بەتەواوی شارەکە ئازاد نەکراوەو شانەی نوستووی تیا ماوە.

بە رزگارکردنی شاری منبەج، پانتایەکی کەم لەناوچەی ( باب ) دەمێنێتەوە تا هەردوو شاری کوردی رۆژئاوای کوردستان، کوبانێ و عەفرین بەیەک بگەن و هەرێمی رۆژئاوای کوردستان بەتەواوی پێکەوە ببەسرێتەوە.

گوندەکانی دەوری شارۆچکەی باب بەشێکی بەرچاویان کوردنشین و جموجوڵی سەربازی هێزەکانی سوریا تیایاندا ئاسان دەبێت. 


PM:05:40:12/08/2016