دوای بەرهەم ساڵح کەریم شەنگالی‌و حکومەت بەختی خۆیان لەگەڵ ئێران تاقیدەکەنەوە

بڕیارە ئەمڕۆ وەفدێکی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتی پیاوە ئەمنییەکەی پارتی، کەریم شەنگالی و وەفدێکی هەرێم سەردانی تاران بکات، ئەم وەفدە دوای ئەو سەردانە دێت کە بەرهەم ساڵح و یەکێتی کردیان بۆ ئەو وڵاتەو لەکاتی گەڕانەوەی وەفدەکە بۆ هەرێم، تاران تۆپبارانی سیدەکانی لە هەرێمی کوردستان کرد.
 
كەناڵی رووداو بڵاویكردوەتەوە ئەمڕۆ شەممە شاندێكی باڵای ئەمنی هەرێمی كوردستان سەردانی تاران دەكات وشاندەكە بەسەرۆكایەتی كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆی هەرێمی كوردستان دەبێت و بە پێی زانیارییەكانیش تۆپبارانكردنی ناوچە سنوورییەكان تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكانی شاندەكە دەبێت.

جێگەی ئاماژەیە جگە لە كەریم شنگالی، وەزیری ناوخۆ هەریەكە لە خەسرۆ گوڵ محەممەد، جیگری راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایش و عیسمەت ئەرگووشی بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتی و وەستا حەسەن، بەڕێوەبەری ئاسایشی سلێمانی و نازم دەباغ، نوێنەری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە تاران، عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەرپرسی پەیوەندیەكانی تاران و هەولێر ئەندامی شاندەكە دەبن.

سەردانی ئەم شاندە بۆ تاران لەكاتێكدایە ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو تۆپخانەكانی ئێران بەچڕی ناوچە سنوورییەكانیان لە دەڤەری سیدەكان تۆپبارانكرد و زیانێكی زۆریان بە كوێستان و پووش و پاوانەكانی ناوچەكە گەیاند.

ئەو سەردانە دوای سەردانێکی بەرهەم ساڵح و وەفدێکی یەکێتی دێت کە هەفتەی رابردوو ئەنجامیان دا بۆ تاران و لەگەڵ گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆبوونەوە، بەڵام دوای رۆژێک گەڕانەوەیان، تۆپبخانەکانی ئێران بۆردومانی سیدەکانیان کرد. 



PM:12:58:13/08/2016