رۆژنیوز: بەرپرسیارێتی تیرۆری پەیامنێرەكەمان لە ئەستۆی پارتییە

ناوەندی هەواڵی ڕۆژنیوز لە راگەیەنراوێكدا بەرپرسیارێتی كوژرانی وەدات حسێن عەلی، پەیامنێری دەزگاكەیان دەخاتە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان.

لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە: ئەمڕۆ پەیامنێری ئاژانسەکەمان ئاژانسی هەواڵی ڕۆژنیوز لە دهۆک، وەدات حسێن عەلی لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە لە کاتژمیر ١٠ی سەرلەبەیانی دوای دەرچونی لەماڵ ڕفێندراوەو کاتژمێر ١٢:٣٠ نیوەڕۆ تەرمەکەی لە سەر ڕێگای سەرەکی دهۆک – سێمێل، دۆزراوەتەوە.

پەیامنێرمان وەدات حسێن لە ماوەی ڕابردوودا لەلایەن ئاسایش و پاراستنی پارتیەوە چەندین جار بانگهێشتکراوەو لێپرسینەوەی لێکراوە، لە لێپرسینەوەکاندا داوای لێکراوە سیخوڕیان بۆبکات، بەڵام لەلایەن وەداتەوە داواکەیان ڕەتکراوەتەوە.

تا ئێستا ئێمە نازانین پەیامنیرەکەمان لەلایەن کێوە ڕفێندراوەو تیرۆرکراوە، بەڵام بەپێی ئەو زانیاریانەی بە ئیمە دراوە، پەیامنێرکرمان ئاسەواری ئەشکەنجەیەکی زۆر بە جەستەیەوە دیاربووەو هەر بە ئەشکەنجەش تیرۆر کراوە.

بەپێویستی دەزانین هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق، بە زووترین کات هۆکاری تیرۆرکردنی پەیامنێرەکەی ڕۆژنیوز ئاشکرا بکات، چوونکە لە ژێر دەسەڵاتی ئەواندا تیرۆرکراوە، جێگەی نیگەرانیشە جگە لە تیرۆری وەدات، لەو دەڤەرە هەڕەشە و گوشارخستنە سەر ڕۆژنامەنووسان و بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە.

ئێمە داوا لە ڕێکخراوەکان و هەموو لایەک دەکەین کە لە بەرامبەر تیرۆری وەدات دا، بێدەنگ نەبن و هەڵوێستی خۆیان دەرببڕن.
دوای ئەوەی هۆکار و شێوازی تیرۆری پەیامنێرەکەمان بە تەواوی گەشتە دەستمان ڕوونکردەی و هەڵوێستی جیاوازمان دەبێت.

 هاوكات  لەلێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رائید ھێمن ئەتروشی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دھۆک رایگەیاند "ئەو گەنجە ناوی (و. ح.ع) خەڵکی پارێزگای دھۆکە و تەمەنی 28 ساڵە، لەسەر رێگەی دھۆک - سێمێل رووبەڕووی لێدان بووەتەوە، دواتر گەیێندراوەتە نەخۆشخانە و گیانی لەدەستداوە".

وتیشی "لێکۆڵینەوە لە ھۆکاری گیانلەدەستدانی ئەو گەنجە دەستیپێکردووە و لە دادپزیشکی پشکنینی بۆ کراوە، تاوەكو بزاندرێت ھۆکاری گیانلەدەستدانی چی بووە".





PM:05:39:13/08/2016