روسیا دەیەوێت کوردو رژێمی سوریا ڕێکبخات
ئەمڕۆ فڕۆکەکانی سوریا لەترسی ئەمەریکا بۆردومانیان نەکرد

لەبەیانی ئەمڕۆوە وەفدێکی سەربازی روسی گەیشتۆتە قامشلۆ بۆ راوەستانی شەڕی نێوان یەپەگەو سووپای رژێمی ئەسەد، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو بارەیەوە رانەگەیەنراوە، هاوکات دوای ئاگادارکردنەوەی فڕۆکەکانی سوریاوە لەلایەن ئەمەریکاوە، ئەمرۆ فڕۆکەکانی سوریا بۆردومانی شارەکەیان نەکرد.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردەوە کە ‌هێزە کوردیەکان داوا دەکەن لە حکومەت هێزەکانی بەرگری نیشتمانی سەر بەئەسەد هەڵوەشێنێتەوەو، بنکەی عەبدولقادر حەمۆ رادەستی ئەوان بکەن، هاوکات کەتیبەکانی ئەنساریش هەڵوەشێننەوە.

وەفدەکەی کانتۆنەکانی رۆژئاوا لەلایەن ئایدار خەلیل و رێدور خەلیل وتەبێژی هێزەکانی پاراستنی گەلەوە لە گفتگۆکاندا نوێنەرایەتی دەکرێن.

وەفدی حکومەتی سوریاش داوا دەکەن رێگا بدەن هێزە سەربازییەکانی رژێم لە قامشلۆوە بچێتە شاری حەسەکە کە تا ئێستا یەپەگە رێگاکانی گرتووەو ناهێڵێت.

ئەو شەڕەی لە شەوی چوارشەممە رابردووە بەردەوامە لەنێوان هەردوولادا لەسەر بەشێکی ئەو شارەیە کە بەدەست هێزەکانی رژێمی سوریاوەیەو دووبەشەکەی تر بەدەست کوردەوەیەو هێرشی شەڕڤانان بۆسەر بەشەکەی ژێر دەستی رژێمە، وەک فرانس پرێس ئاماژەی بۆ دەکات.

رامی عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ، رایگەیاند" هێزەکانی پاراستنی گەل و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی شارەکەوە لە پێشڕەویدان".

رامی ئاشکرای دەکات کە یەپەگە دوو بەشی شارەکەی بەدەستەوەیەو بەشی سێهەمی کە ناوەراستی شارەکەی بەدەست رژێمی سوریاوەیە.
تا ئێستا لەو شەڕەدا ٤١ کەس کوژراون کە ٢٥ مەدەنین و لەنێوایاندا ١٠ مناڵ هەیە، وەک روانگەی سوری ئاماژەی بۆ دەکات.
یەپەگە دەیەوێت تەواوی شارەک کۆنترۆڵ بکات، هەرچی هێزەکانی رژێمیشە دەیەوێت لەو بەشەدا بمینێتەوە کە بەدەستیەوەیەتی.
هەرچی هێزەکانی ئەسەدە لەلایەن ئێران و حیزبوڵاوە پشتگیری دەکرێت، هەرچی هێزەکانی یەپەگەیە لەلایەن رۆژئاواو بەتایبەتی ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێت.



PM:07:46:20/08/2016