حکومەتی هەرێم لەسەر دادگایی کردنی نەوشیروان مستەفا هاتە دەنگ

سەفین دزەیی وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر دۆسییەکەی نەوشیروان مستەفا ڕێکخەری گشتی هەرێم هاتە دەنگ و ڕایگەیاند دۆسیەكە لە دادگادایەو ئەوان خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.

لە لێدوانێکیدا بۆ ڕادیۆی نەوا سەبارەت بە دۆسییەی دادگاییکردنی نەوشیروان مستەفا، سەفین دزەیی وتی "ئەو بابەتە قسە زۆر هەڵدەگرێت و دەكەوێتە چوارچێوەی یاساوە، بۆیە ئەگەر پێش روداوەكان بكەوین شتێكی رەوا نییە، دۆسیەكە لە دادگادایەو ئەوان خۆیان مامەڵەی لەگەڵ دەكەن".

هەروەها وتیشی "بابەتەكان وەك كەیسێك كە لەسەر نەوشیروان مستەفا هاتە كایەوە كۆمەڵێك بابەتی هەستیارن، ئەوەیان دەبێت دادگا بڕیاری لەسەر بدات ئەویش بەپشت بەستن بەو بەڵگانەی لەبەردەمیدایەو بەدواداچونی بۆ بكات یاخود كەیسەكە دابخات، ناتوانم لەوە زیاتر بڵێم، چونكە دۆسیەكە لە دادگادایەو ناتوانم پێش روداوەكان بكەوم".

هەروەها ڕاشیگەیاند: من رای خۆمم وتووە چ بە بەرەو پێشبردنی دۆسیەكە یاخود بە داخستنی، بەوەی بابەتێكی یاساییە پێویستە لە دادگا یەكلایی بكرێتەوە ئەوەش بڕیاری خۆیانە.



PM:08:02:20/08/2016