" تاسەرئێسقان گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان بڵاوبۆتەوە"

پەرلەمانتاری دیاری پارتی، فرسەت سۆفی راشکاوانە دەڵێت" ھیچ گومانی نیە نەیانتوانیوە نمونەیەکی سەرکەوتوی دیموکراسی بونیات بنێین و تاسەرئێسقانیش گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان بڵاوبۆتەوە".

  فرسەت سۆفی، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیجی تایبەتی خۆی لەفیسبوک نوسیویەتی " باکەس خۆی نەکاتە فریشتەی دیموکراسی و دژە گەندەڵی، ئەوەی ھەیە بەرھەمی ھەموویانە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرسوڕمانە ئەو سەرسامیە زۆرەیە کە ھەندێ کەسی کورت بین بۆ بەغدای پیشان دەدەن، بەڵام ئاڵۆزیەک لە عێڕاق بەڕێوەیە کە تەنھا یەکڕیزی ناخۆیییان زامنە بۆ سەلامەتییان".
سۆفی مەترسیەکانی خۆی لەسەر ئەو ناکۆکیانەی ئێستای بەغدا دەخاتە روو و دەڵێت" ھیوام وایە ئەوەی لە عێراق دەگوزەرێت لەپێناوی دیموکراسیەت بوایە، بەڵام مانگێکی دیکە نابات دەردەکەوێت ئاخۆ ئەوەی لەعێراق ڕوودەدات حساباتی مەزھەبی و نەتەوەیی و سیاسیە یان خەمی دیموکراسیەت و چاودێری پەرلەمانی".

ئەو قسانەی سۆفی لە کاتێکدایە کە سبەی متمانە سەندنەوە لە هۆشیار زێباری لە پەرلەمانی عێراق دەخرێتە دەنگدانەوە، فراکسیۆنە کوردیەکانیش لەو پرسەدا دووڕای جیاوازن، هەندێکیان بە پرسێکی نەتەوەیی ناوزدەی دەکەن، هەندێکی تریشیان وا تەماشای دەکەن کە بە پرسێکە پەیوەندی بەگەندەڵیەوە هەیە.



PM:01:06:28/08/2016